سەردێر

نرخی ئاڵتون بەرزبووەوە و نەوت دابەزی

خەڵك-

بەهۆی ڕاگەیاندنی شەپۆلی سێیەمی کۆرۆناوە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە دابەزین كردەوە و لەبەرامبەردا بەهای زێڕ ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و شارەزایەكی ئەو بوارەش دەڵێت: “زیاتر بەرزدەبێتەوە”.

ئەمڕۆ هەینی، دوای ڕاگەیاندنی هاتنی شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا لەلایەن بەشێكی وڵاتانەوە، نرخی نەوت بەڕێژەی 7.5% ڕووی لەدابەزین کرد و نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بۆ ٦٢.٨٨ دۆلار و هەروەها نرخی یەك بەرمیل نەوتی تەکساس بۆ ٥٩.٦٢ دۆلار دابەزی.

دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ هەینی ١٩ ی ٣ی ٢٠٢١ نرخی یەك ئۆنسە زێڕ بۆ 1744 دۆلار بەرزبۆتەوە و هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مەترسیەکانی شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا.

وتیشی، “نرخەكەی زیاتر بەرزدەبێتەوە و ئامانجی داهاتووی ١٧٥٠ دۆلارە و دواتر دەگاتە ١٧٥٧ دۆلار و دەوەستێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 360 هەزار دینار و عەیارە 18 بە 309 هەزار دینار و نرخی یەك لیرەی دوبەی عەیارە 22 بە 375 دۆلارە.