سەردێر

كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی بۆ ڕێككەوتن لەسەر بودجە دەستی پێكرد

خەڵك-
كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەڕلەەمانی عیراق بۆ ڕێككەوتن لەسەر تێپەڕاندنی بودجەی ساڵی 2021 لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەڕلەەماندا دەستی پێكرد.

سەرچاوەیەكی پەڕلەەمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەی پەڕلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی ساڵی 2021، كە بڕیارە لە كاتژمێر 1ی ئەمڕۆ دەستپێبكات، كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی دەستی پێكردووە.

ڕاشیگەیاند، لیژنەی دارایی پەڕلەمان لەگەڵ سەرۆكی كوتلەكانی پەڕلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی دەستی بە كۆبوونەوە كردووە بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و ئامادەكردنی بودجە بۆ دەنگدان.

لەئێستادا چەند ناكۆكییەك لەنێوان كوتلەكانی پەڕلەمان ماون، كە بوونە ئاستەنگ لەبەردەم تێپەڕاندنی بودجە، كە گرنگترینیان نرخی دۆلار و پشكی هەرێمی كوردستانە.

پێشتر، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق بۆ (دەنگی كوردی ئەمریكا) وتی، “ماوەتەوە ئێستاوە ئێمە وەكو لیژنەی دارایی دواكۆبوونەوەی خۆمان بكەین لەسەر تەواوكردنی پڕۆژە یاساكە بەگشتی و بەتایبەتی ماددەی 11 كەپەیوەندی بەپشكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، زۆر كێشەی گەورەمان نییە، بۆیە پێشبینی دەكەم ئەمجارە ئەگەر بودجە بێتە ناو پەڕلەمان هەم ڕێككەوتنەكە دەكرێت هەم شاندی هەرێمیش لەڕێككەوتنەكە سەركەوتوو دەبێت، بۆیە پێشبینی ئەوە ناكەم ئەمجارە شاندەكەی هەرێم بەدەستی بەتاڵ لەبەغدادەوە بگەڕێنەوە بۆ هەرێم.