سەردێر

“داهاتی‌ هەرێم بۆ دابینكردنی‌ مووچە بەبێ لێبڕین تێپەڕی‌ كردووە”

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەەو داهاتەی دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت لە دابینكردنی مووچە بەبێ‌ لێبڕین زیاترە و دەشڵێت: “دەبوو حكومەت مووچەی‌ بەبێ لێبڕین دابەش بكردایە”.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم، لە 25ی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئادار دەكرێت بە لێبڕینی 21% بۆ فەرمانبەران و 50% بۆ پلە باڵاكان.

عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی پەڕلەمانی‌ كوردستان بۆ میدیای حزبەكەی ڕایگەیاندووە، “بۆ مووچە و خەرجی ‌‌و خزمەتگوزاری‌، هەرێمی‌ كوردستان پێویستی‌ بە نزیكەی یەك ترلیۆن دینارە بۆ مانگێك، كە بۆ ساڵەكە دەكاتە 12 ترلیۆن دینار، بەهۆی‌ بەرزبوونەوەی‌ نرخی‌ نەوت‌ و زیادبوونی‌ داهات لە باج ‌و ڕسوماتیشەوە لە 3 مانگی‌ سەرەتای‌ ئەمساڵەوە، داهاتی‌ كوردستان ئەو بڕەیەی‌ تێپەڕاندووە، بەم پێیە دەبوو حكومەت مووچەی‌ بەبێ لێبڕین دابەش بكردایە”.

وتیشی، “هەرێمی‌ كوردستان هەرێمێكی‌ دەوڵەمەندە، بەڵام كێشەی‌ كوردستان ئەوەیە كە سیاسیە دەسەڵاتدارەكان لە هەمان كاتدا بازرگانن یان شەریكی‌ بازرگانەكانن، ئەمەش بۆتە هۆی‌ ئەوەی‌ هەردوو هێزی‌ دەسەڵات بەردەوام دەستیان لە داهاتی‌ كوردستاندا بێت ‌و هەمووی‌ نەگەڕێتەوە خەزێنەی‌ گشتی‌، دواجار هاووڵاتی‌ باجی‌ ئەم قاچاخچێتی ‌‌و كۆمپانیاكاری ‌‌و بازرگانییەی‌ سیاسیەكان دەدات”.

ئاماژەی بەوەشكرد، نەناردنی‌ یاسای‌ بودجە و نەبوونی‌ یاسای‌ بودجە لەماوەی‌ 7 ساڵی‌ ڕابردوودا بۆ شاردنەوەی‌ داهاتی‌ ڕاستەقینەی‌ كوردستان ‌و بەردەوامیدان بووە بەو ناشەفافییەتەی،‌ كە بۆەتە هۆی‌ بڕینی‌ مووچەی‌ مووچەخۆران ‌و خراپكردنی‌ دۆخی‌ ئابوری ‌‌و وەستانی‌ پڕۆژەكان”.

دەشڵێت: “لەم خولەی پەڕلەماندا زۆرینەی‌ پەڕلەمانی‌ بۆتە بەرگریكار لەم كابینەیە”.