سەردێر

پارتی هەڵوێستی لەسەر تەقەكردن لە بارەگاكانی ڕاگەیاند

خەڵك-
بەرپرسی لقی پارتی لە پارێزگای هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، كە شەوی ڕابردوو تەقە لە بارەگای لقی 12ی حزبەكەیان كراوە و دەشڵێت: “چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەین، چونكە ئامانجی سیاسی لەپشتە”.

بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە لەكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو تەقە لەبارەگای لق كرا و لەسەر ئەو ڕووداوەش سكاڵایی یاساییان تۆماركردوە و چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەكان دەكەن، چونكە خەریكە تەقەكردن لە بارەگاكانی پارتی دەبێتە دیاردە.

ڕاشیگەیاند، پێویستە هێزە ئەمنییەكان سنوورێك بۆ تەقەكردنەكان دابنێن ئەویش لەرێگەی دەستگیركردنی تۆمەتباران، كە ئەگەر بەجدی كاربكەن دۆزینەوەیان كارێكی زەحمەت نیە.

جەختیشی كردەوە، توانای هێزەکانی پۆلیس دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، ئەگەر ئەمجارە تەقەکەران نەدۆزرێنەوە.

وتیشی، “هەرچەندە ئێمە نازانین ئەو كەسانە كێن، كە تەقەیان ئاڕاستەی بارەگای لق كردوە، بەڵام بەدڵنیایەوە ئەو ڕووداوە ئامانجی سیاسی لەپشتە، چونكە ئێمە كێشەی شەخسیمان لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نیە”.

پێشتر، بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “كاتژمێر یەك-ی شەوی ڕابردوو بە وتەی پاسەوانانی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان، تەقە لە بارەگای لق كراوە لە لایەن ماتۆڕسكیلێك و ئۆتۆمبیلێك، كە ڕەنگی سپی بووە”.

وتیشی، “فیشەكەكان بەر دیواری بارەگای لقی 12 كەوتوون و پاسەوانەكانی لقیش تەقەیان كردووە وەك وەڵامدانەوەیەك”.