سەردێر

عەبادی داوای دەستكاری نرخی دۆلار دەكات

خەڵك-
سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق و سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر داوا لە پەڕلەمان دەكات پاڵپشتی هاووڵاتیان بن لە كەكردنەوەی بەهای دۆلار.

حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر لە تویتەری خۆی ڕایگەیاندووە، “كەمكردنەوەی بەهای دینار كاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر هاووڵاتیان بەتایبەتی ئەوانەی داهاتیان سنووردارە”.

ڕاشیگەیاندووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەیەی زۆری بەهای نەوت لە مانگی ڕابردوودا، داوا لە پەڕلەمانی عیراق دەكەم لەپاڵ هاووڵاتیان بوەستن بۆ چاوخشاندنەوە بە نرخی ئاڵوگۆڕی دینار لەپێناو كۆنتڕۆڵ كردنی هەڵئاوسانی ئابووری”.

بەبڕیاری بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عیراق و لەپێناو “كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە و زیادبوونی داهات و هاندانی بەرهەمی ناوخۆیی” لە كۆتایی ساڵی ڕابرووەوە نرخی 100 دۆلار بۆ 145 هەزار دینار بەرزكرایەوە و ئەوەش بووە هۆی گران كردنی نرخی كاڵا و خۆراك لە بازاڕەكاندا، بەڵام داهاتێكی زۆری بۆ حكومەت لە فرۆشتنی نەوت و ئاڵوگۆڕی دینار بە دۆلار دەستەبەركردووە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی پەڕلەمان، “دەستكاری كردنی بەهای دراوی نیشتمانی لە دەسەڵاتی پەڕلەمان نییە و ئەوە سیاسەتی نەختینەیی و داراییە و لە دەسەڵاتی تایبەتی حكومەتە”.