سەردێر

پەڕلەمانتارێكی لیژنەی دارایی: شاندەكەی هەرێم به‌ده‌ستی به‌تاڵ ناگەڕێنەوە‌

خەڵك-

ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق دەڵێت: ” زۆر كێشەی گەورەمان نییە، بۆیە پێشبینی دەكەم ئەمجارە ئەگەر بودجە بێتە ناو پەڕلەمان هەم ڕێككەوتنەكە دەكرێت هەم شاندی هەرێمیش لەڕێككەوتنەكە سەركەوتوو دەبێت” و جەختیشدەكاتەوە، پێشبینی ئەوە ناكەم ئەمجارە شاندەكەی هەرێم بەدەستی بەتاڵ لەبەغدادەوە بگەڕێنەوە.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق بۆ (دەنگی كوردی ئەمریكا) وتی، “ماوەتەوە ئێستاوە ئێمە وەكو لیژنەی دارایی دواكۆبوونەوەی خۆمان بكەین لەسەر تەواوكردنی پڕۆژە یاساكە بەگشتی و بەتایبەتی ماددەی 11 كەپەیوەندی بەپشكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، دوو پێشنیار هەیە ئەوەی كە لەپێشنیاری حكومەتەوە هاتووە ئێمە وەكو كورد تائێستا پێداگری لەسەرئەوە دەكەین، پێشنیارێكی تر هەیە هی كوتلە شیعیەكانە ئەویش هەركاتێك ئەوان بە فەرمی بیخەنەڕوو قسەی خۆمان دەبێت، بەڵام بۆچوونەكانمان زۆر لێك دوور نیین واتە مەجالی زۆری تێدایە، كەبگەینە ڕێككەوتنێكی باش و سیغەیەكی هاوبەش”.

ئاماژەی بەوەشكرد، زۆر كێشەی گەورەمان نییە، بۆیە پێشبینی دەكەم ئەمجارە ئەگەر بودجە بێتە ناو پەڕلەمان هەم ڕێككەوتنەكە دەكرێت هەم شاندی هەرێمیش لەڕێككەوتنەكە سەركەوتوو دەبێت، بۆیە پێشبینی ئەوە ناكەم ئەمجارە شاندەكەی هەرێم بەدەستی بەتاڵ لەبەغدادەوە بگەڕێنەوە بۆ هەرێم.

شێروان میرزا دەڵێت: “پێشبینی دەكەین بەشی پشكی هەرێمی كوردستان لەناو پڕۆژە یاساكەدا بچەسپێنرێت، بەڵام لەوانەیە لایەنی بەرامبەر واتە شیعەكان بیانەوێت هەندێك دەستكاری بكەن بەوپێیەی هەم دەیانەوێت زەمانەتێك لەناو پڕۆژە یاساكەدا دابنێن، كە لەحاڵەتی پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بۆ هەرێمی كوردستان نانێرن، دەیانەوێت شتێكی وابێت كە لەناو شەقامی خۆیاندا قبوڵ كراوبێت بەو پێیەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەپێشە، هەموو هێزە سیاسیەكان بەگشتی موخاتەبەی شەقام دەكەن و لەگەڵ جەماوەر و دەنگدەری خۆیان قسە دەكەن”.

ئەو نوێنەرە كوردە لەسەر یاسای بودجەی عێراق وتی، “من پێموایە لەناو پڕۆژە یاساكەدا گەرەنتی دادەنرێت بۆ هەردوولا واتە چ ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبێت بەغداد هیچ بڕە پارەیەك نەنێرێت چ ئەگەر بەغداد پابەند نەبێت هەرێمیش ئیلتزام نەكات بەڕادەستكردنی نەوتەوە واتە لەبەرئەوەی گومان لەهەردوولا هەیە، بێمتمانەیی دروستبووە هەتا ئەم متمانەیە لەنێوان هەردوو حكومەت و هەردوولا دەگەڕێنرێتەوە كاتی دەوێت بۆیە پێموایە ئەم بودجەیە دەستپێكێكی باش دەبێت بۆ گێڕانەوەی متمانە بۆ هەردوولا”.