سەردێر

خەڵك؛ پێشنیاری شیعەكان بۆ بودجە و نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات

خەڵك-
دوابەدوای یەكلایی كردنەوە و پەسەندكردنی یاسای دادگای فیدڕاڵی عیراق، ئەمڕۆ دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی فیدڕاڵی دەدرێت و پشكی كورد یەكلایی دەكرێتەوە.

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دەنگماندا لەسەر هەمواری یاسای دادگای فیدڕاڵی ساڵی 2005 بە كۆمەڵێك دەستكاریەوە، بۆ ئەوەش چەند لایەنێك لەگـەڵمان بوون و هەماهەنگ بون تاوەكو پڕۆژە نوێیەكە نەخرێتە دەنگدانـەوە، چونكە پڕ بوو لە كەموكورتی.

سەرچاوەیەكی پەڕلەمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بڕیار دراوە ئەمڕۆ هەینی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 بخرێتە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی پەڕلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت، بەتایبەتیش، كە ئێستتا شاندی حكومەتی هەرێم لە بەغدایە بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر پشكی هەرێم و لێكنزیكبوونەوەش هاتۆتە ئاراوە.

وتیشی، “چەند لایەنێكی شیعە بە دەقەكەی حكومەت بۆ پشكی هەرێم ڕازی نین، كە بریتیە لە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە بەرامبەر 12.67ی بودجە، بەڵكو پێشنیاری نوێیان گەڵاڵە كردووە و داوای 460 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەكەن و بۆ ئەوەش پشكی هەرێم زیاد دەكەن لە بودجە و هاوكات بەشی ماف و حەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتیش دەدەن”.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە، كۆبووەكانی شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بەردەوامن و گەشبینی هەیە ڕێككەوتنی كۆتایی بكرێت و بودجە پەسەند بكرێت.

لای خۆشیەوە، لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021 ئامادەیە بۆ دەنگدان و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەخریتە بەردەم پەڕلەمانتاران بۆ دەنگدان.

ڕاشیگەیاندووە، پێش كۆبوونەوەی پەڕلەمان كۆبوونەوەیەك دەكرێت بۆ ڕێككەوتن لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان، كە تا ئێستاش پێویستی بە ڕێككەوتنی سیاسی هەیە.