سەردێر

ماكرۆن داوا لە ئێران دەكات ڕەوشەكە ” خراپتر” نەكات

خەڵك-
سەرۆكی فەڕەنسا داوا لە كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات ڕەوشی پەیوەست بە دۆسییە ئەتۆمییەكەی “خراپتر” نەكات و بەردەوام نەبێت لە پشێلكردنی بەرپرسیارێتییەكانی لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی.

ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هاوتا ئیسڕائیلییەكەی (ڕەئوڤین ڕیڤلین) ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر ئێران چیتر ڕەوشی ڕێككەوتنە ناوەكییەكە خراپتر نەكات لەڕێی پێشێلكارییەكانیەوە.

وتیشی، “دەبێت ئێران پابەند بێت بە بەرپرسیارێتیەكانیەوە، كە لە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكی ساڵی 2015دا بۆی دیاریكراوە”.

جەختیشی كردەوە، فەڕەنسا ئامادەیە بۆ دووبارە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەم قەیرانە، ئەوەش مانای ئەوەیە بگەڕێینەوە سەر كۆنتڕۆڵكردن و سەرپەرشتیكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بەشێوەیەك، كە بگونجێت لەگەڵ چاودێریكردنی چالاكیە بالیستیكیەكانی ئێران لە ناوچەكەدا.