سەردێر

شێخ جەعفەر: یەكگرتنەوەی پێشمەرگە بەبێ ئیرادە هیچی لێناڕوێ

خەڵك-
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەپرسێت، بۆچی گرنگە هیزێكی نیشتیمانی و بە دامەزراوەییمان هەبێت؟ و جەختیشدەكاتەوە، یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە حەزی گشت هێزو لایەنەكانە، بەڵام بەبێ ئیرادە هیچی لێناڕوێ.

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، هێزی نیشتیمانی بریتیە لە سوپایەكی چەكداری فەرمی و ڕێكخراوەیی دەوڵەت، بەشێوەیەكی زانستیانە و سەربازییانەی ڕاهێنراو لە كۆلێژی سەربازی و فێرگە جەنگییەكان بڕوانامەی سەربازی بەدەست دەهێنن و پابەندی یاسا و ڕێسا سەربازییەكانی ووڵات دەبن لە چوارچێوەیەكی ڕێكخراو و دامەزراوەیی.

دەشڵێت: “لێرەدا مەبەستمە باس لە گرنگی پڕۆسەی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بكەم بە پشتیوانی و پاڵپشتی هێزەكانی هاوپەیمانان، بۆیە ناوهێنانی هاوپەیمانانم خستە سەرەتای باسەكەم، چونكە ئەوان سەرچاوە و داڕێژەری ئەو پڕۆگرام و یەكخستنەوەیە بوونە لە ڕووی چۆنیەتی پڕەنسیبەكانی یەكگرتنەوە و هەموو ئەو یارمەتییە سەربازییانەی كە ڕێڕەو و ڕێچكەی هێزێكی دامەزراوەیی و نیشتیمانی لەسەر بونیاد دەنرێ بە شێوازێكی یاسایی و سەربازی ڕێكخراو و تۆكمە لە ڕووی ڕاهێنان و مەشقی سەربازی لە هەموو بوارەكانی تایبەت بە هێزێكی دامەزراوەیی و نیشتیمانی”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بە بڕوای بەندە هەر هێزێك جێگای دڵنیایی گەلەكەی بێت ئەوا بێ شك سەركەوتوو دەبێت، چونكە ئەو كاتە تاكەكانی ناو دامەزراوە سەربازییەكان بە پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش خۆشەویستیان دەبێت بۆ خاك و ووڵات، متمانەی گەلیش بەرامبەر ئەو هێزە نیشتیمانییە زیاتر دەبێت، چونكە وەك داكۆكی كارێكی سەرسەختی خاك و ووڵاتەكەیان دوور لە بیڕوڕا و ئایدۆلۆژیا جیاوازەكانی نێو كۆمەڵگا سەیر دەكرێن.

جێگری سەرۆكی هەرێم دەڵێت: “گرنگ نیە لەم پڕۆسەیەدا كێ خۆی بە خاوەندارێتی بزانێ، گرنگتر لەوەدا ئەوەیە كێ ئیرادەی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی هەیە بۆ ئەوەی ئامانجی بەڕێوەبردنی دەوڵەتداری بپێكێت؟ دڵنیام یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە حەزی گشت هێز و لایەنەكانە، بەڵام بەبێ ئیرادە هیچی لێناڕوێ!”.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەگەر هێزێكی یەكگرتوو و نیشتیمانیمان هەبێت ئەوا لە مەترسی بەكارهێنانیان لە ململانێ سیاسی و ناوخۆییەكان و هەژموون و باڵا دەستی حیزب بەسەر هێزە سیاسییەكان دوور دەكەوینەوە، لە هەر جۆرە گرژییەك كە دروست دەبێت لە نێو كایە سیاسی و بیڕوڕا و ئایدۆلۆژیا جیاوازەكان، ئەوكاتە هێزێكی نیشتیمانی لە ژێر بیر و باوەڕێكی دیموكراسییانە و سەردەمیانە لە خزمەتی پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان دا دەبێت.

ئاشكراشی كردووە، چاكسازی و ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە قۆناغی باشی بڕیوە بە یارمەتی هێزەكانی هاوپەیمانان، با ئێمەش ئیرادەمان سەربخەین لە بەرامبەر بەرژەوەندییە حیزبی و كەسییەكان، هێزێكی دامەزراوەیی و نیشتیمانی بكەین بە دەستپێك و هێڵی دانانانی كیانێكی سەربەخۆ لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی.