سەردێر

تەقە لە بارەگای لقی 12ى پارتی كرا

خەڵك – یەحیا حبیب
درەنگانی شەوی ڕابردوو لە لایەن ماتۆڕسكیلێك و ئۆتۆمبیلێكی سپی تەقە لە بارەگای لقی 12ی پارتی دەكەن لە پارێزگای هەڵەبجە، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت: “بەهۆی تەقەكانەوە هیچ كەس بریندار نەبووە و تەنها فیشەكەكان بەر بینای لق كەوتوون”.

بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “كاتژمێر یەك-ی شەوی ڕابردوو بە وتەی پاسەوانانی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان، تەقە لە بارەگای لق كراوە لە لایەن ماتۆڕسكیلێك و ئۆتۆمبیلێك، كە ڕەنگی سپی بووە”.

وتیشی، “فیشەكەكان بەر دیواری بارەگای لقی 12 كەوتوون و پاسەوانەكانی لقیش تەقەیان كردووە وەك وەڵامدانەوەیەك”.

جەختیشیكردوە، “هیچ كەسێك بەهۆی تەقەكردنەكانەوە بریندار نەبووە و پۆلیس و ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە”.