سەردێر

واشنتۆن لەسەر (هەدەپە) هاتە دەنگ

خەڵك

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕەخنەی لەهەوڵەكانی دەسەڵاتدارانی توركیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) گرت و ڕایدەگەیەنێت: ئەو هەنگاوە لەناوبردنی دیموكراتی و ئیرادەی دەنگدەرانە و لێدانی گورزێكیشە لەئازادی ڕادەربڕین.


نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: چاودێریی هەوڵەكانی هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە توركیا دەكەن و ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئیرادەی دەنگدەرانی ئەو وڵاتە و دەبێتە هۆی لەناوبردنی دیموكراتی لە توركیا و بێبەشكردنی بە ملیۆنەها هاووڵاتی توركیا لەو نوێنەرایەتیی هەڵیانبژاردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داواشی لە حكومەتی توركیا كردووە ڕێز بگرێت لە ئازادی ڕادەربڕین بەشێوەیەك هاوتا بێت لەگەڵ پرەنسیپەكانی دەستوور و پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی ئەنقەرە.

جێی ئاماژەیە، داواكاری گشتی توركیا داوای لە دادگای باڵای وڵاتەكەی كردووە، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) وەك پارتێكی سیاسی كۆتایی پێبهێنرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە.