سەردێر

دەنگ لەسەر هەردوو یاسای دادگای فیدراڵی و بودجە دەدرێت

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عیراق، ئاماژە بە ڕێكەوتنێك دەكات لەنێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ تێپەڕاندنی هەردوو یاسای دادگای فیدراڵی و بودجەی گشتی 2021.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی (العراقیە) لە زاری كەریم علێوی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عیراق بڵاویكردەوە”لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنە سیاسییەكان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان، ڕێكەوتن كرا لەسەر تێپەڕاندنی یاسای دادگای فیدراڵی، بە وتەی پەرلەمانتارانی ئامادەش لە كۆبوونەوەكەدا، دەنگ لەسەر یاسای دادگای فیدراڵی دەرێت، واتا گەر سێیەكی پەرلەمانتاران ئامادەبوون یاساكە تێدەپەڕێنرێت و گەر ژمارەی پێویستیش ئامادەنەبوون، ئەوا بە هەمان شێوە یاساكە بە زۆرینەیەكی كەم تێدەپەڕێنرێت”.

كەریم علێوی دەڵێت”لە كۆبوونەوەكەدا ڕێكەوتنیش كرا لەسەر تێپەڕاندنی یاسای بودجەی 2021 لە دانیشتنی شەممەی داهاتوو”.

ئەم قسانەی كەریم علێوی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی بەدر لەكاتێكدایە كە پێشتر سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ گفتووگۆ لەسەر یاسای دادگای باڵای فیدراڵ، لەگەڵ فراكسیۆنە سیاسییەكاندا كۆبوونەوەیەكی سازكرد.