سەردێر

كەی نرخی دۆلار كەمدەكرێتەوە؟

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، دوو ئەگەر دەخاتە ڕوو بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار لەلایەن حكومەت و بەدووریشی دەزانێت لە سایەی ئەم ڕەوشەدا نرخی دۆلار كەمبكرێتەوە.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:”دوو ئەگەر هەیە بۆ كەمكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی، یەكەمیان ئەوەیە حكومەت بودجەیەكی تەواوكەر پێشكەش بكات، دووەمیشیان بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە، بۆیە دەكرێت لەو دوو حاڵەتەدا حكومەت نرخی دراوەكە لەبەرانبەر دراوی نیشتمانیدا كەمبكاتەوە”.

بە وتەی جەمال كۆچەر”حكومەت لەڕێی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلارەوە توانی كورتهێنانی بودجە كەمبكاتەوە، وێڕای هەنگاونانی بەرەو جێبەجێكردنی ئەو چاكسازییە ئابوریانەی لە پاكێجی سپیدا ئاماژەی پێكردوون، بەڵام لە سایەی ئەم ڕەوشەی ئێستادا بەدووردەزانرێت حكومەت پەنا بۆ كەمكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلار ببات، هەرچەندە زیانی زۆری بە چین و توێژێكی فراوانی كۆمەڵگەی عیراقی گەیاندووە”.