سەردێر

گرێبەستە سیاسییەكانی پەیوەست بە هەردوو یاسای دادگاى فیدراڵی و بودجە

خەڵك-
ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق، باس لەو گرێبەستە سیاسییانە دەكات كە لەنێوان فراكسیۆنە سیاسییەكانی نێو پەرلەمانی عیراق دەكرێن و ڕێگرن لەبەردەم تێپەڕاندنی هەردوو یاسای دادگای فیدراڵی و بودجەی ساڵی 2021.

جەمال كۆچەر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”گومانی تێدا نییە، ناكۆكییەكان لەسەر پرۆژە یاساكانی دادگای فیدراڵی و بودجەی گشتی، پەیوەندییان بەو گرێبەستانەوە هەیە كە لەنێوان فراكسیۆنە گەورەكانی نێو پەرلەمانی عیراقیدا دەكرێن، بەجۆرێك كە تێپەڕاندنیان بە یەكەوە گرێدراون”.

بە وتەی جەمال كۆچەر:”هەندێك لە فراكسیۆنە دەستدڕۆیشتووەكان، دەیانەوێت كەسانی خۆیان لە دادگای فیدراڵی دابنێن، تا شوێن و پێگەی خۆیان لەو دامەزراوە گرنگەدا جێگیر بكەن، بە هەمان شێوە هەندێكی تر نایانەوێت و خواستیان لە تێپەڕاندنی بودجە نییە و ئاستەنگ لەبەردەم دەنگدان لەسەری دروست دەكەن و لە هەندێك كاتیشدا تێپەڕاندنی هەردوو یاساكە بەو هۆیەوە وابەستەی یەكدی دەكرێن”.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە، پەرلەمانی عیراق دەنگیدا لەسەر هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی و بڕیاریشە سبەینێ‌ هەینی كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ، دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە بدات.