سەردێر

عیراق داوا دەكات كەمپى داعشەكان لە ڕۆژاڤا دابخرێت

خەڵك-
عیراق داوا دەكات دۆسێی كەمپی ئەلهول لە ڕۆژاڤای كوردستان دابخرێت و پێیوایە ئەو كەمپە بۆ عیراق هاوشێوەی بۆمبێكی تەوقیتكراوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نوسینگەی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق بڵاوكرایەوە”ئەعرەجی چاوی بە ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریكا كەوتووە لە بەغدا و لە چاوپێكەوتنەكەشدا داوای كردووە دۆسێی كەمپی ئەلهول لە نزیك سنورەكانی عیراق لە سوریادا دابخرێت، بەو پێیەی عیراق پێویستی بە چارەسەرێكی پراكتیكی و كۆتایی ئەو كەمپە هەیە، چونكە نەژادێكی زۆر لەخۆدەگرێت و هەمووشیان تیرۆریستن”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”عیراق پێیوایە مانەوەی ئەو كەمپە وەك خۆی بۆمبێكی تەوقیتكراوە، چونكە 20 هەزار منداڵی عیراقی تێدایە كە دەبنە داعش و مەترسی لەسەر عیراق و ناوچەكە دروستدەكەن”.

ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق، بەپێویستی دەزانێت”هەموان كار بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بكەن كە مایەی هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی عیراق و ناوچەكە و جیهان”.