سەردێر

لە بەغدا، گفتوگۆ لەسەر قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفال دەكرێت

خەڵك-

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بە یاوەری تەیمور تاقانەی بەجێماوی ئەنفال، سەردانی عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە و هاوپەیمانێتی (عراقیون)یان كرد و پێكەوە تاوتوێی چۆنییەتی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوانیان كرد لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێك، ئەمڕۆ ( ١٨ی ئازارای 2021) لە بەغدا قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ عەمار حەكیم باسی لە پێویستیی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوان و بەركەوتووانی كیمیابارانی هەڵەبجەی كرد لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە و داوایكرد عەمار حەكیم پشتگیری دۆسیەی قەرەبووكردنەوەی پاشماوەكانی جینۆسایدی كورد بكەن.
هاوكات لە كۆبوونەوەكەدا تەیمور تاقانەی ئەنفال كە شایەتحاڵی پڕۆسەی ئەنفال و ڕزگاربووی گۆڕە بە كۆمەڵەكانە، چیرۆكی خۆی و كەسوكارەكەی گێڕایەوە كە چۆن ئەنفال كراون و بەرەو گۆڕە بەكۆمەڵەكان براون، هەروەها باسی كێشە و گرفتەكانی كەسوكاری ئەنفالكراوانی كرد لەئێستادا.
لای خۆشییەوە، عەمار حەكیم وێڕای كارلێككردنی لەگەڵ خەموژانی ئەنفالكراوان، تەیموری وەك شەهیدی زیندوو ناوبرد و وێڕای دەربڕینی پشتگیری خۆی بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوان و بەركەوتووانی كیمیاباران، ڕایگەیاند، پێویستە گرنگی زیاتر بدرێت بە دۆسیەی ئەنفال و چیرۆكەكانی ئەنفال بەجۆرێك كە نەوەكانی ئێستا و داهاتووی عێراق ئاگاداری ئەو تاوانە گەورەیەبن كە ڕژێمی بەعس بەرامبەر بە گەلی كورد كردوویەتی.