سەردێر

ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسلێمانی ڕوویدا

خەڵک – نزار جەزا

کەمێک پێش ئێستا ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەشەقامی سالم لەبەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ڕوویدا.

بەهۆی پێکدادانی چەند ئۆتۆمبێلێکەوە لەشەقامی سالمی شاری سلێمانی چەند کەسێک برینداربوون و زیانێکی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەکان و ستوونی کارەبا و شەقامەکە کەوت.

لەئێستادا بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

سامان نادر بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، پێنج کەس بەهۆی ڕووداوەکەوە برینداربوون، کە دوانیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.

تاکو ئێستا هۆکاری ڕووداوەکە نەخراوەتەڕوو، بەڵام هێزەکانی پۆلیسی هاتوچۆ دەستیان بەلێکۆڵینەوە لەهۆکاری ڕووداوەکە کردووە.

شەقامی سالم یەکێکە لەشەقامە سەرەکییەکانی سلێمانی کە بەردەوام قەرەباڵغی تێدایە و شوێنێک نییە بۆئەوەی شۆفێربتوانێت بەخێرایی لێبخوڕێت، بەڵام لەماوەکانی رابردوودا چەندجارێک ڕووداوی هاتوچۆی تێدادروستبووە، کە بەهۆی کەمتەرخەمی و تیژڕۆییەوە بووە.