سەردێر

شەپۆلێكی نوێی كۆرۆنا لە هەرێم دەستیپێكرد

خەڵك-

ڕاوێژكارێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تادێت مەترسی بڵاوبوونەوەی جۆرە گۆڕاوەكەی كۆرۆنا زیاتر دەبێت.

خالس قادر ڕاوێژكاری تەندروستی لە پەڕلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو وەكو لەسەری زانراوە خێرایی بڵاوبوونەوەكەی زۆر زیاترە لەكۆرۆنای ئاسایی، لەهەموو دنیاش تاكو ئێستا دەستیپێكردووە بەوشێوەیە بووە، لەبەرئەوە مەترسییەكانیش لەهەرێمی كوردستان بەهەمان شێوەیە تادێت ترسەكە زیاتر دەبێت ئەگەر هاتوو بەراوردی ژمارەی تووشبووان بكەین لەدوو هەفتەی ڕابردوو، ڕۆژانە دەتوانم بڵێم ڕوو لەزیادبوونە لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەوە ڕێژەی مردنیش وەكو ژمارەی مردنیش جارێكی تر زیاتربووە لەبەرئەوە ئێستا مەترسی ئەوە هەیە حاڵەتەكان زیاتر بێت.

وتیشی”هۆكاری سەرەكیش بۆئەوە دەگەڕێتەوە تائێستا وەكو پێویست خەڵك پابەندی ڕێنماییە خۆپارێزییەكان و بەستنی ماسك نابێت، بەتایبەتی لەشوێنە گشتی و قەڕەباڵغییەكان”.

ئاشكراشیكرد، زۆر گرنگە خەڵك لەوەبگات كەئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە، ڕێژەی بڵاوبوونەوەكەی زۆردەبێت، لەماوەیەكی كەمدا دووبارە نەخۆشخانەكان پڕ دەبن و دواتر دەگەینەوە ئەو حاڵەتەی كە نەخۆش هەبێت و پێویستی بە داخڵكردن هەبێت و نەتوانیین داخڵی بكەین و پێداویستیە تەندروستیەكان بەش نەكات، ئەوە بەڕاستی مەترسییەكی جددییە لەسەر ئەو كەسانەی كەتووشدەبن بەتایبەتی ئەوانەی كەبەتەمەنن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

سەبارەت بە بە زۆربوونی تووشبوان وەك لە ساڵی ڕابردو ڕوویدا، ناوبراو ڕایگەیاند، بەڵێ مەترسی هەیە، چونكە وەكو دەزانرێت ئەم جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسەكە خێراترە بڵاوبوونەوەكەی، كەواتە ئەگەری ئەوە هەیە جارێكی تر بگەینە ئەو حاڵەتەی كەژمارەی تووشبووان لەڕۆژێكدا بەرەو زیاتربێت، چونكە لەشەپۆلی پێشووتر زیاتر لەهەزار كەس ڕۆژانە تووشی دەبوون، چەند ڕۆژێك ئەوە بەردەوام بووە، ئێستاش مەترسی ئەوەمان هەیە ژمارەی تووشبووان بگاتە سەروو پێنجەسەد كەس لەچەند ڕۆژی داهاتوو.

ڕوونیشیكردەوە، هێشتا قورسە بڵێن دەگەینە ئەو ئاستە یان نا، لەبەرئەوەی لەچوار هەفتەی ڕابردوو پێشبینی ئەوەمان كردبوو كەخێراتر ڤایرۆسەكە بڵاوببێتەوە، بەڵام بەوشێوەیە نەبوو تاوەكو ئێستاش ژمارەی تووشبووان لەخوار پێنجەسەدە، بەڵام ئەگەر بێتوو لەدوو هەفتەی داهاتوو ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر بێت پێشبینی دەكەین جارێكی تر بگەینە ئەو ئاستەی كێشەی نەبوونی شوێنمان هەبێت لەنەخۆشخانەكان.

سەبارەت بە ئەگەری ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ ناوبراو ڕایگەیاند، پێموانییە جارێكی تر قەدەغەی هاتووچۆی گشتی وەكو ئەوەی پارساڵ ڕووبداتەوە، بەڵام پێشبینی دەكەین لەهەندێك شوێنی دیاریكراو لەوانەیە پێویستمان بەوە بێت بۆماوەیەكی دیاریكراو یاخود چەند كاتژمێرێكی دیاریكراو لەهەندێك شوێنی جوگرافیای دیاریكراو لەپارێزگایەك لەئیدارەیەك ئەو ڕێوشوێنە بیگیرێتەبەر.

جەختی لەوەش كردەوە، پێشبینی دەكرێت تادوومانگی تر حاڵەتەكان زیاتر دەبێت، هەمیشە مەترسی ئەوە دەبێت كە لەكۆنتڕۆڵ دەربچێت، بەڵام دوای دوو مانگی تر پێمانوایە پێشبینییەكان ئەوەیە كەجارێكی تر كەمتر بێتەوە و سووك ببێت، ئێستا شەپۆلێكی تازەی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان هەیە.

سەبارەت بە گەشتەكانی نەورۆز د.خالس قادر جەختی لەوەكردەوە، ئەگەر گەشتەكان وەك ساڵانی تر بێت یان وەك ئەوەی ئێستا دەبینرێت لەهەرێمی كوردستان كە لەمانگی ڕابردوەوە هەندێك گەشت دەستیپێكردووە، قەڕەباڵغییەكی زۆر هەیە مەترسییەكان زۆر زیاتر دەبێت و ڕێژەی تووشبووانیش زیاتر دەبێت.