سەردێر

داوای هەڵوەشاندنەوەی هەدەپە دەكرێت

خەڵك-

داواكاری گشتی توركیا داوای لە دادگای باڵای وڵاتەكەی كردووە، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) وەك پارتێكی سیاسی كۆتایی پـێبهێنرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە.

بەكر شاهین داواكەی ڕەوانەی دادگای باڵای توركیا كردووە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەندامانی هەدەپە لەگەڵ پەكەكە و ڕێكخراوەكانی دیكەی سەر بە پەكەكە كاردەكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی توركیا، بۆیە داوای داخستنی ئەم پارتە سیاسییە دەكات.

وتیشی”ئەم داوایە بەپێی مادەی 14ی دەستوری توركیایە كە دەڵێت، نابێت هیچ كام لە ماف و ئازادیـیە بنەڕەتیـیەكان بەكاربهێنرێن بە ئامانجی لەناوبردن و هەڵوەشاندنەوەی یەكپارچەیی دەوڵەت و نیشتمان و خەڵكی توركیا”.

ئەمەش لەكاتێكدایە، دوێنێ چوار شەممە پەڕلەمانی توركیا پارێزبەندی لەسەر عومەر فاروق گەرگەرلی‌ ئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە لابرد كە لە ساڵی 2018 حوكمی ساڵێك و 10 مانگ زیندانی بۆ دەرچوو بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی پڕۆپاگەندەی تیرۆرستی لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتیـیەكان لە ساڵی2016 دا.