سەردێر

تەندروستی جیهانی دوابڕیاری لەسەر ڤاكسینی ئەسترازینیكا دەركرد

خەڵك-
دوابەدوای ڕاگرتنی بەكارهێنانی ڤاكسینی جۆری ئەسترازینیكا لەلایەن چەند وڵاتێكەوە بەهۆی ئەوەی ژمارەیەك لەوانەی بەكاریان هێناوە تووشی جەڵتە بوون، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، پێویستە بەردەوام بن لە بەكارهێنانی ڤاكسینەكە، چونكە سوودەكانی زیاترە لە زیانەكانی.

هەریەک لە وڵاتانی (ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا و هۆڵەندا و ئیتاڵیا و دانیمارک و ئێرلەندا) بڕیاریاندا بە ڕاگرتنی بەكارهێننانی ڤاكسینی (ئەسترازینیكا) بەهۆی ئەوەی دەبێتە جەڵتەی خوێنی کوژەر و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش جەختی كردەوە، کە ئەو ڤاکسینە مەترسیدارە.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەم نزیكانە و لە ڕۆژی سێ‌ شەممە كۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر ئەو حاڵەتانەی دەوترێت بەهۆی ڤاكسینی ئەسترازینیكاوە تووشی جەڵتەی خوێن بوون”.

ڕاشیگەیاندووە، پێویستە لەسەر وڵاتان لە هەڵمەتەكانیان بەردەوام بن بۆ بەكارهێنانی ڤاكسینەكە دژی كۆرۆنا و ڕانەوەست تاوەكو دواین بڕیار لە كۆبووونەوەی داهاتوو ڕادەگەیەنن و لێكۆڵینەكانیان تەواو دەكەن.

لا خۆشیەوە، ئەیمر كوك، بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەوروپی بۆ دەرمان لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی، “دەستەی ئاژانسەكە متمانەی تەواوی هەیە بە سوودەكانی ڤاكسینی ئەسترازینیكا دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تووشبوون بەو پەتایە هەرچەندە ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپی بەكارهێنانیان ڕاگرتووە بەهۆی مەترسی بوونە هۆكاری جەڵتە و كاریگەری دیكەی لاوەكی”.

وتیشی، “داخڵ بوون بە نەخۆشخانە و مردن مەترسی زیاترە لەو كاریگەرییە لاوەكیانەی ڤاكسینەكە هەیەتی”.

هاوكات، كۆمەڵەی بەریتانی- سویدی، كە دروستكەری ڤاكسینی ئەسترازینیكا بوون ڕایانگەیاندووە، “ڤاكسینەكە سەلامەتە و هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی خوێن بەهۆی ڤاكسینەكەوە و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی-ش جەختی لەسەر بەكارهێنانی ڤاكسینەكە كردۆتەوە”.

لە ڕۆژی 11ی ئازاردا وڵاتی دانیمارك یەكەم وڵات بوو بڕیاری دا بە ڕاگرتنی بەكارهێنانی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا لە جۆری ئەسترازینیكا وەك ڕێكارێكی خۆپارێزی بەهۆی بوونی مەترسی ڕوودانی جەڵتەی خوێن لەو كەسانەی خۆیان بە ڤاكسینەكە كوتاوە.