سەردێر

كەشوهەواری سێ‌ ڕۆژی نەورۆز و بەهار ڕاگەیەنرا

خەڵك-
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆز و سەرەتای بەهاردا كەشوهەوا ئاسایی و سەقامگیر دەبێت و كەشێكی لەبار دەبێت بۆ ئاهەنگ و سەیران، بەڵام دوای ئەەوە دوو شەپۆلی بەهێزی باران بارین ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، هەر سێ‌ ڕۆژی جەژنی نەورۆ و سەرەتای ساڵی كوردی كەشوهەوا سەقامگیر دەبێت و زۆر لەبار دەبێت بۆ گەشت و سەیران، بەڵام دواتر دوو شەپۆلی باران بارین ناوچەكە دەگرێتەوە.

ئەو شارەزایەی كەشناسی بەم جۆرەی خوارەوە وردەكاری كەشوهەوای ڕۆژانی نەورۆزی ڕوونكردەوە:

ڕۆژی یەکەم : یەک شەممە ٢٠٢١/٣/٢١
زۆربەی کات ئاسمان هەتاو و پەڵە هەوری کەم دەبێت و خێرایی با ئاساییە بەڕێژەی ١٣ کیلۆمەتر، پلەکانی گەرماش بەجێگیری دەمێنێتەوە لەنێوان ١٦ بۆ ٢٠ پلە سەدی، واتا ڕۆژێکی زۆر گونجاوە بۆ سەیرانکردن.

ڕۆژی دووەم : دوو شەممە ٢٠٢١/٣/٢٢
ئاسمان ساماڵ و نیمچە هەوری دەبێت هەندێ جار هەوری تەواو دەبێت، بەڵام ئەگەری باران بارین نیە، خێرایی با بەگشتی لەنێوان ١٥ بۆ ١٧ کیلۆمەتر دەبێت، پلەکانی گەرما بەجێگیری دەمێنیتەوە، واتا ڕۆژێکی زۆر گونجاوە بۆ سەیرانکردن.

ڕۆژی سێیەم: سێ شەممە ٢٠٢١/٣/٢٣
ئاسمان ساماڵ و هەتاو دەبێت و خێرایی با بەگشتی ئاساییە بەڕێژەی ١٥ کیلۆمەتر، پلەکانی گەرما ٢ پلە بەرز دەبێتەوە.