سەردێر

داری ساكورا لە هەولێر چێنرا و ناوی شەقامەكەش گۆڕدرا

خەڵك-
وەزیری شارەوانی و كونسوڵی ژاپۆن لە شاری هەولێر داری ساكورا دەچێنن و ناوی شەقامەكەش دەكەن بەناوی (فۆكۆشیما ساكورامۆری).

بەپێی ڕاگەیەەنراوێكی وەزارەتی شارەوانی، ئەمڕۆ چوار شەممە (17ی ئادار) بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كونوسوڵی وڵاتی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان، لە مەڕاسیمێكی دارچاندا، نزیكی 100 داری ساكورا لە یەكێك لە شەقامەكانی هەولێر چاندرا و ناوەكەشی كرا بە شەقامی (فۆكۆشیما ساكورامۆری).

ئەمڕۆ لە مەڕاسیمیكدا هاوكات لەگەڵ كارەساتی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە، كە 33 ساڵ تێپەڕیوە بەسەیدا بە چاندنی داری (فۆكۆشیما ساكورامۆری) یادی كارەساتی 10 ساڵەی فۆكۆشیما و گرنگی چاندنی درەختی ساكورا وەكو هێما بۆ ئاوەدانكردنەوە و خواستی هیوایەكی گەش بۆ نەوەی داهاتوو خرایەڕوو.

ساسان عەونی وتی، “خۆشحاڵین لە مەڕاسیمی چاندنی دار بەشدارین، كە هیمای هیوای ژیانە و ئەم دارەش نموونەی هاوڕێیەتیی گەلی ژاپۆنە لەگەڵ میللەتانی دیكە و گەلی كوردستانیش بە خۆشحاڵییەوە بەشدارە لەم هاوڕێیەتییەی نێوان گەلان”.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ بە چاندنی درەختی ساكورا، كە نموونەی بەرزی میللەتی ژاپۆن و كۆڵنەدانیانە یادی كارەساتی فۆكۆشیما دەكەینەوە و سوپاس بۆ كونسوڵی ژاپۆن و هاوڕێیانی ئامادەكاری ئەم مەڕاسیمە.

ئەمە ساڵی شەشەمە لە هەرێمی كوردستان داری ساكورا دەچێندرێت و ئەمساڵ چاندنی دارەكە هاوكات بوو لەگەڵ یادی كارەساتی فۆكۆشیمای ژاپۆنی.