سەردێر

پەرلەمانی عیراق سبەینێ‌ باسی بودجە ناكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، ڕەتیدەكاتەوە لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەماندا دەنگ لەسەر بودجە بدرێت، ئاماژە بە بەردەوامی دانوستانەكانیش دەكاتەوە لەبارەی دیاریكردنی ڕێژەی پشكی هەرێم.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی ڕەزامەندی هێزە سیاسییەكانە لە بەغدا سەبارەت بە تێپەڕاندنی بودجە و سەردانی بەغداش ناكات بەر لە ڕێكەوتن”.

بە وتەی ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق”تائێستا (كاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە) هیچ ئاراستەیەك نییە، بودجە لە دانیشتنی سبەینێ‌ پێنج شەممەدا دابگیرێت، بۆیە هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی بەپێی بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی سبەینێ‌ تێدەپەڕێنرێت”.

جەمال كۆچەر دەڵێت”لیژنەی دارایی هەموو دەستكارییەكانی لە بودجەدا تەواو كردووە و لەئێستادا ئامادەیە بۆ دەنگدان، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی پەرلەمان بە پرۆژە یاسای دادگای فیدراڵی و ڕێنەكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دواكەوتووە”.

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، بەڵام پەیوەندییەكان بێ‌ وەڵام بوون.