سەردێر

مەترسی پەككەوتنی پڕۆسەی خوێندن هەیە

خەڵك-

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری ڕاگەیاندنی خوێندن زۆر زیان بە پڕۆسەی پەروەردە و لایەنی دەروونی مامۆستا و خوێندكار دەگەیەنێت.
دوای تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی پەروەردە بڕیاری ڕاگرتنی ناوەندەكانی خوێندن جگە لە پۆلیس 12ی ئامادەیی دەركرد، لای خۆشیانەوە بەشێك لە پسپۆڕانی پەروەردە ڕەخنە لە وەزارەتی پەروەردە دەگرن كە بەبێ ڕاوێژ بڕیار دەردەكات.

عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی خوێندن تێبینی زۆرە، هەست دەكەیت بڕیارێكی واقیعی نییە، ساڵێكە دەوام داخراوە و بۆ مانگێك كراوەتەوە و 12 ڕۆژ خوێندكار دەوامی كردووە، ئێستا دوو هەفتە داخرایەوە زۆر نا رەوا بوو، لەكاتێكدا زۆرێك لە پەروەردەكان هیچ تووشبوویەكیان نییە، ئەوەی هەیە لەناو هەولێردایە و ئەویش سنوردارە.
وتیشی”بڕیارەكە زۆر زیان بە پڕۆسەی پەروەردە و لایەنی دەروونی مامۆستا و خوێندكار دەگەیەنێت”.

ئاشكراشیكرد، درێژكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن دەكەوێتەسەر بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، كەس نازانێت چۆن بڕیار دەدەن، پرس بە كەس ناكەن، پرس بە بەڕێوەبەری پەروەردەكانیش ناكەن و بۆچونیان وەرناگرن.

سەبارەت بە پلانی حكومەت بۆ پڕۆسەی خوێندن، عەتا ئەحمەد ڕایگەیاند، پلانی حكومەت ڕوون نییە، چونكە بۆی هەیە ئەم ڤایرۆسە دوو ساڵیتر بخایەنێت، ئێستا حاڵـەتەكە سنووردارە و لە هەزار كەسدا كەسێك تووش بووە، ئەگەر ئێستا لەم دۆخە خۆشەدا دەوام دابخرێت دوو ڕۆژیتر لەگەڵ مانگی ڕەمەزان و گەرمادا چۆن مامەڵە بكەین، بەڵام ئەوان ووردبینانە و دووربینانە بڕیار نادەن.