سەردێر

لەسلێمانی توێژینەوە لەسەر کۆرۆنا دەکرێت

سلێمانی – نزار جەزا

بەڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌زگای ته‌ندروستی رایگەیاند، دەرگامان کراوەیە بۆئەوەی کەسێک بیهەوێت توێژینەوە لەسەر داتاکانی نەخۆشخانەی ئاسا بکات.

لەوەڵامی پرسیارێکی (خەڵک)دا شەماڵ جەبار یاوەر بەڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەئەوەدا، دەرگایان کراوەیە بۆئەوەی کەسێک بیهەوێت توێژینەوە لەسەر داتاکانی نەخۆشخانەی ئاسا بکات.

ئاشکراشیکرد، کەمێک پێش ئێستا لەگەڵ ژمارەیەک لەخوێندکاری ماستەر و دکتۆرا دانیشتوون، بۆئەوەی دتاکانیان پێبدەن بەمەبەستی توێژینەوە.

ئەوەشی باسکرد، هەموو نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی ئاسا کە لەچاودێری وردبوون هەموو نیوکاتژمێر جارێک و ئەوانی دیکەش هەموو کاتژمێرجارێک داتای پزیشکییان لێوەرگیراوە و تۆمارکراوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، هاوکار و هەماهەنگن بۆ هەرکەسیک کە توێژینەوەی زانستی ئەنجامبدات.

ئاشکراشیکرد، خۆیان ژمارەیەک توێژینەوەیان ئەنجامداوە، کە لەداهاتویەکی نزیکدا ئەنجامەکانی ئاشکرادەکەن.

ناوبراو لەدرێژەی کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر کردنەوەی نەخۆشخانەی ئاسادا، لەئێستادا بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بەکۆرۆنا نەخۆشخانەکە نەخۆشی تێدانەماوە، بەڵام ئامادەکارییان کردووە، هەرکاتێک پێویست بکات، لەماوەی هەفتەیەکدا ئامادەن بۆ وەرگرتنی نەخۆشی دیکە.

وتیشی: ئێستا تاقیگەی مۆلیکولەر لەنەخۆشخانەی ئاسا پشکنینی پێدەکرێت، پشکنینی دژەتەن دەکەن، بۆئەوەی بزانن کە کەسێک دەتوانێت ڤاکسین وەربگرێت یان نا، دواتریش ئەگەر کۆرۆنا تەواوبوو، نەخۆشخانەکە دەبێتە گەورەترین نەخۆشخانەی چاودێری ورد لەناو سلێمانی.

ئەوەشی باسکرد، ئەگەر هاوڵاتییان خۆپارێزی نەکەن بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ بۆ ٢٥ تووشبوون بەکۆرۆنا زیاد دەکات، ئەگەریش خۆپارێزی بکرێت، بەڕێژەی لەسەدا ١٠ زیاترنابێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی ئەو پشکنینانەی لەنەخۆشخانەی ئاسا بۆ پشکنینی کۆرۆنا کراوە بریتیبووە لە نزیکی ١١ هەزار، لەو ڕێژەیە نزیکی سێ هەزار کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، زیاتر لە دوو هەزار پشکنینی خوێن بۆ ئەو کەسانە کراوە کە لەنەخۆشخانەکە ماونەتەوە.

باسی لەئەوەشکرد،نزیکی سێ هەزار و ٤٠٠ کەس ڕێنمایی و چارەسەریان وەرگرتووە، ٩٠٧ نەخۆش لە نەخۆشخانەکە ماونەتەوە، ٢٥٧ نەخۆش لەنەخۆشخانەکانی دەرەوەی سلێمانی وەرگیراون.

وتیشی: ٣ هەزار و ٩٧ نەخۆش لەنەخۆشخانەی ئاسا چاکبوونەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی جێگەی شانازییە هیچ بڕە پارەیەک لەهیچ هاوڵاتییەک وەرنەگیراوە.