سەردێر

كارمەندانی ئاوی دوكان- سلێمانی داوای دامەزراندن دەكەن

خەڵك-

نوێنەری خۆپیشاندەرانی ئاوی دوكان-سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، مۆڵەتی مانگێك دەدەینە حكومەتی هەرێم و لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەمان هەڵوێستی دیكەمان دەبێت.

ئەمڕۆ چوار شەممە 17-ی ئادار ژمارەیەك لە كارمەندانی پڕۆژەی ئاوی دوكان-سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەكەن.

گۆڤەند ئەكرەم ئەحمەد ئەندازیاری میكانیك و نوێنەری خۆپیشاندەرانی ئاوی دوكان-سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، 65 كارمەندین، لە پڕۆژەی ئاوی دوكان -سلێمانی- هێڵی دوو، كارمەندمان تێدایە لە ساڵی 2008ەوە كارمەندە، بەڵام تەنها حسابی كرێكارێكی ڕۆژانەی بۆ دەكرێت و تا ئێستا نە گرێبەستی ساڵانە و نە گرێبەستی هەمیشەیی هەیە لە حكومەت.
وتیشی”هیچ ماف و ئیمتیازێكمان نییە، جگە لەو مووچە كەمكراوە نەبێت كە لەچاو هەر كۆمپانیایەكیتر كەمە، بۆیە داوای پاراستنی مافەكانمان دەكەین و هیچ مافێكمان لە دەستبەری كۆمەڵایەتی و سەندیكای كرێكاران نییە”.

ئاشكراشیكرد، ماوەی مانگێك مۆڵەت دەدەینە حكومەت، ئەگەر داواكامان جێبەجێ نەكەن هەڵوێستی تر وەردەگرین.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پێشتریش ئەم داواكارییەمان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار كردووە، بەڵام وەڵامیان نەداوینەتەوە.

ڕوونیشیكردەوە، ئەو كارمەندانە دەرچووی بەشەكانی ئەندازیاری و كارەبا و هونەری و كۆمپیوتەر و ئەلیكترۆنی بەڕێوەبرنی پڕۆژە و چەندین بەشی دیكەن و لە كۆی 84 كارمەند 23 كارمەنمان كارمەندی هەمیشەیین.