سەردێر

خۆپیشاندانی خوێندكاران لە سلێمانی بەردەوامە

سلێمانی – نزار جەزا

بەئەمڕۆ چوار شەممەوە، ماوەی سێ ڕۆژە خوێندكارانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی خۆپیشاندان دەكەن.

لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا ئەو خوێندكارانە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە كۆبوونەوە داواكارییەكانی خۆیان پێڕاگەیاند، بەڵام خوێندكارەكان وەڵامی داواكارییەكانیان بەجێبەجێكراوی لەڕاگەیاندنەكانەوە نەبینی، بۆیە ئەمڕۆش هاوشێوەی ڕۆژانی ڕابردوو خۆپیشاندانیان دەستپێكرد.

خوێندكاران داواكارییان هەیە و جەختدەكەنەوە ئەگەر داواكانیان جێبەجێنەكرێت، هەموو بەیانییەك خۆپیشاندان دەستپێدەكەن و بەردەوام دەبن.

ئەو خوێندكارانە ناڕازیبوون لەوەی زۆر بەپەلە وانەكانیان دەخوێنن، بەجۆرێك لەڕۆژێكدا وانەی چەند ڕۆژێك دەخوێنن، ئەوان پێیانوایە، ئەمە وادەكات نەتوانن ئەو هەموو وانەیە تێبگەن، بۆئەوەی لەكاتی تاقیكردنەوەدا وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە.

ئەوان داواكارن وانەكانیان بۆ كەمبكرێتەوە، چونكە پێیانوایە، ناكرێت لەماوەی چەند مانگێكی كەمدا بەشە وانەی نۆ مانگ بخوێنن، لەبەرئەوەی ماوەكەی كەمە و وانەكانیش زۆرن.

لەیەكێكی دیكەی داواكارییەكانیاندا داواكارن، ئەو ماوەیەی لەپێش تاقیكرنەوەی نیشتیمانی بۆ پێداچوونەوەی وانەكان دانراوە لە ٢٥ ڕۆژەوە بۆ زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ درێژبكرێتەوە.

ئەم لەكاتێكدایە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەجیهان و هەرێمی كوردستانیش، پرۆسەی خوێندن و كۆی كایەكانی ژیان پەكی پەكیكەوتووە.