سەردێر

چوار شەممە سووری چیە؟

رێوڕەسمی چوار شەممە سووری لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەدەچێت

خەڵك-تەنیا هەورامی

چوارشەمە سووری، مەراسیمێكی وڵاتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستانە بۆ پێشوازی لە نەورۆز، كە مەراسیمێكی پڕ لە چێژ و پڕ لە شادمانییە كە لە دواهەمین چوارشەمەی ساڵی هەتاویدا لە ئێران بەڕێوەدەچێت و وەك پێشەكییەك بۆ پێشوازی لە نەورۆز هەژمار دەكرێت.

چوار شەممە سووری یەكێك لە بۆنە مێژووییەكانی ئێران كە لە شەوی دواهەمین چوار شەممەی ساڵدا بەڕێوەدەچێت و هەندێ نەریتی هەیە كە ژمارەیەكیان تا ئەمڕۆ پارێزراون و ژمارەیەكی دیكەشیان لەناوچوون كە گرنگترینیان، ئاگركردنەوە و سەردانی ماڵی خزم و كەسە.

ئاگر لە مێژە وەكو ‌هێمای چوارشەممە سووری ناسراوە، كەچی ئەمڕۆ بەهۆی سوودوەرگرتن لە یارییە ئاگرینەكان، ئەم بۆنە زۆر مەترسیدار بووە و بریندار بوون و تەنانەت كوژرانیشی لێدەكەوێتەوە.

ئەم بۆنە ئێرانییە لە هەریەك لە وڵاتانی ئازەربایجان، ئەفغانستان، توركیاش بەڕێوەدەچێت.

فەلسەفەی چوار شەممە سووری

چوار شەممە سووری وەكو بۆنەیەك بۆ پێشوازی لە نەورۆز هەژمار دەكرێت و خەڵك بە بەڕێوەبردنی ئەم بۆنەیە بەخێرهاتنی بەهار و ساڵی نوێ دەكەن، گرنگترین نەریتی مێژوویی ئەم بۆنە ئاگركردنەوە و بازدانە بەسەر ئاگردا كە مەبەست لەم كارە دووركەوتنەوەیە لە نەخۆشی و سپاردنی كێشەكان بە دەستی ئاگر.

سووتاندنی كەلوپەلی كۆن، گسكدانی ماڵ و ئاگربەردان لە گسك، گۆزە شكاندن، هەمووی بەمەبەستی لەناوبردنی بەڵا و نەهامەتییەكان بەڕێوەدەچێت.

فەلسەفەی بەڕێوەبردنی ئەم بۆنەیە و بە تایبەت ئاگركردنەوە، دەرچوون لە سەرما و خواستنی گەرما بووە و جگە لەوەش ئاگر وەكو ئامرازی خاوێنكەرەوە دەبینرێت، بۆیە بووەتە هێمایەكی گرنگی چوار شەممە سووری و خاوێنبوونەوە بۆ ساڵی نوێ.

نەریتەكانی چوار شەممە سووری
لە مێژە لەناو ئێرانییەكاندا باوە كە ڕۆژی چوار شەممە سووری منداڵەكان سەردانی دایك و باوك و هەموو گەورەكانی بنەماڵە دەكەن، بۆ ئەوەی ئەو شەوە بە خۆشی پێكەوە ڕابوێرن، چەند ڕۆژ پێش ئەو بۆنە و مەراسیمە دار و چیلكە كۆدەكەنەوە و خۆیان بۆ ئاگركردنەوەیەكی گەورە ئامادە دەكەن و لەو شەوەدا لە شوێنێكی بەربڵاو دایدەنێن و كە گەیشتە كاتی ئێوارە، دایدەگیرسێنن و هەموان بە دەوریدا كۆدەبنەوە و بەسەر ئاگرەكەدا باز دەدەن و دەڵێن “سووری تۆ بۆ من، زەردی من بۆ تۆ” و بەمشێوە داوای سەلامەتی و تەندروستی بۆ ساڵی نوێ دەكەن.
ئاگركردنەوە، تاكە شت نییە لەم بۆنەیەدا، بەڵكو لە پەنای ئاگرەكەدا هاووڵاتیان پێكەوە دەبن، خواردنی تایبەت لەو شەوەدا لە نەریتە كۆنەكانی چوار شەممە سوورییە.

چوار شەممە سووری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان
چوار شەممە سووری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە كوڵە چوار شەممە ناسراوە، كوردەكان و بە تایبەت خەڵكی سنە لەم ڕۆژەدا هەموو ماڵیان گسك دەدەن بۆ ئەوەی ناپاكی و ناشیرینی بسڕنەوە، پاشان گسكەكەیان دەخەنەنێو گۆزەیەك و ئاگری تێبەر دەدەن و گۆزەكە بە خەڵووزەكەوە دەخەنەناو كۆڵانان و بەمشێوە چوار شەممە سووری تێدەپەڕێنن.
لەناو كوردان لەم شەوەدا ئاگركردنەوە بە هیچ شێوەیەك باو نەبووە و ئاگر تەنیا لە نەورۆزدا هەڵدەكرا و بە دەوریدا هەڵپەڕكێ ساز دەكرا، لە ڕاستیدا نەورۆزی كوردان جگە لە ئاگركردنەوە و هەڵپەڕكێ شتێكیتر نەبووە، بەڵام ئێستا بە بۆنەی تێكەڵاوی فەرهەنگی لەگەڵ نەتەوەكانی تر زۆر شت گۆڕاوە.

لە ڕابردوودا لە شاری سنە شەوی چوار شەممە سووری نەریتێك بەناو دەرمانخانەش بووە و ئەوەش بەمشێوە بووە كە كچان ئاوی بەرهەمهاتوو لە شۆردنی پێستی ئاژەڵانیان لە ڕوومەتیان دەدا و پێیان وابوو بەم كارە بەختیان دەكرێتەوە و بەختەوەر دەبن.

چوار شەممە سووری ئەمساڵ بە دەیان كەسی كردە قوربانی
شەوی ڕابردوو، مەراسیمی چوار شەممە سووری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا 9 كەس گیانیانلەدەستدا و نزیكەی دوو هەزار كەسیش برینداربوون.

لای خۆشییەوە موجتەبا خالیدی وتەبێژی ڕێكخراوی فریاكەوتنی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداو و یارییە ئاگرینەكانەوە، هەزار و 894 كەس برینداربوون كە 18٪یان ژن و 82٪یان پیاو بوون، ئەمە لەكاتێكدایە، ساڵی ڕابردوو ژمارەی برینداران هەزار و 468 كەس بووە.

وتیشی” 527 كەس زیان بە چاویان كەوتووە و 131 كەسیش بەشێك لە جەستەیان لەدەستداوە و كەمئەندام بوون”.

ئاشكراشیكرد، 9 كەس لەو ڕووداوانە گیانیان لەدەستداوە كە ئەم ژمارەیە ساڵی ڕابردوو 4 كەس بوو، زۆربەی بریندارەكان لە تاران بوون، بەپێی ئامارەكانیش، 553 بریندار لە تاران، 185 بریندار لە تەورێز و 140 بریندار لە كرماشان بوون.