سەردێر

ئەمساڵ ئاگری نەورۆز كڵپە دەكات

پارێزگاری سلێمانی: لەڕێگەی ئاگركردنەوە گوزارشت لەزیندوێتی نەورۆز دەكرێت

خەڵك-

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئاگر لەپارێزگای سلێمانی دەكرێتەوە، بەڵام ئاهەنگگێڕان و قەڕەباڵغی دروستكردن و بەریەككەوتن و كۆبوونەوە نابێت بەهۆی پەتای كۆرۆناوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، سەبارەت بە گەشت و سەیرانی هاووڵاتیان، داوامانكردووە قەڕەباڵغی دروست نەكرێت و بەریەككەوتن دروست نەبێت، بەڵام بەشێوەیەكی سروشتی خەڵك لەدەشت و دەر ئەگەر بۆ سەیرانی خۆی بچێتەدەرەوە بەمەرجێك وەكو وتم ڕێنماییە تەندروستیەكان ڕەچاوبكەن حاڵەتێكی سروشتی دەبێت، بەڵام پەیوەست بەبۆنەڕەسمییەكان هیچ كۆبوونەیەك لەشوێنی داخراو ناكرێت، هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەك بەقەڕەباڵغی ناكرێت، دەوڵەت بەڕەسمی لەڕێگەی بەیاننامەوە یان دانانی تاجەگوڵینە گوزارشت لەو یاد و بۆنانە دەكات، نەورۆزیش لەڕێگەی ئاگركردنەوە گوزارشت لەزیندوێتی ڕۆژی نەورۆز دەكات، بۆیە گەشت و چوونەدەرەوە حاڵەتێكی سروشتییە.

وتیشی”ئاهەنگی هاووڵاتیان لەشەقامە گشتیەكان بەتایبەت شەقامی سالم ڕێكدەخرێن، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و لایەنە پەیوەندیدارەكان و لیژنەی ئارامی پاریزگای سلێمانی لەدیوانی پاریزگای سلێمانی كۆدەبنەوە بۆدانانی ڕێكاری پێویست بۆ ڕێكخستنی هەموو ئەو چالاكیانەی كە بەڕێوەدەچن، ئەو شەقامانە بەشێوەیەكی سروشتی لەبەرئەوەی لەژینگەیەكی كراوەدایە بەو مەرجەی كە هاووڵاتیان دووربن لەیەك و بەریەككەوتن نەبێت، لەهەمووی گرنگتر ماسك ببەستن یارمەتیدەر دەبێت بۆئەوەی بتوانیین هیچ نەبێت ئەو پەیوەندیەی كە كۆرۆنا وایكرد لەیەك داببڕێن، بۆنەیەكی وەكو نەورۆز وایلێبكات كەپەیوەندیەكان بەهێز بكەینەوە بەو مەرجەی زیان نەگەیەنێت بەتەندروستی گشتی”.

سەبارەت بەهاتنی گەشتیاران لەڕۆژانی نەورۆز ناوبراو ئاشكرایكرد، هەركەسێك بیەوێت بێت بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە پێش 72 كاتژمێر پشكنینی كۆرۆنای پێبێت، ئەگەر گروپی گەشتیاری بن دەبێت پێشوەخت هەماهەنگیان هەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی، و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بۆئەوەی بتوانن هەماهەنگیان بن، كارەكانیان بۆ ئاسان بكەن، هاتوچۆ لەنێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان وەكو ئێستا ئاسایی دەبێت.

جەختی لەوەش كردەوە، لە ڕۆژانی نەورۆزدا ئەگەر هاووڵاتیان بەمشێوازەی ئێستا پابەندبن، نە كەرەتینە ڕادەگەیەنرێت و نە قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنرێت.