سەردێر

شەپۆلێكی لێزمە باران و هەورەتریشقە هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، سبەینێ‌ لە بەشێكی ناوچەكانی هەرێم لێزمە بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت و هەندێك كات هەورەتریشقەی لەگەڵ دەبێت و لە كاتەكانی شەویشدا چەند ناوچەیەكی دیكە دەگرێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئەنجامی بەردەوامی كاریگەریەكانی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست لەسەر ناوچەكانمان سبەی چوار شەممە ١٧-٣-٢٠٢١ ئاسمانی ھەرێم بە زۆری لەنێوان پەڵە ھەور بۆ نیمچە ھەوردا ئەبێت و لەكاتەكانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە تەنھا لەناوچە سنوری و شاخاوییەكانی باكور و ڕۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر ئەگەری چالاكبوونی چەند تاوێكی بە لێزمەی بارانبارین ئەبێت و ھەورە تریشقەی لەگەڵ ئەبێت.

ڕاشیگەیاند، لەناوچەكانی دیكەی ھەرێم كەش سەقامگیر ئەبێت تەنھا ئەگەرێكی لاوازی نمە باران ئەبێت لەھەندێك ناوچە و پلەكانی گەرما بەڕێژەی ٢ پلەی سیلیزی بەرزتردەبنەوە و خێرایی با ئاسای ئەبێت و ھەندێك كاتی دوای نیوەڕۆ چالاكی مامناوەندی ئەبێت.

وتیشی، “لەكاتەكانی نیوەی شەو بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ١٨-٣ لەبەشێكی ناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ڕاپەرین ئەگەری چالاكبوونەوەی پچڕ پچڕی لێزمە باران و ھەورە تریشقە ئەبێت و لەناوچە سنوری و شاخاوییەكان ئاستی دابارینەكە زیاتر ئەبێت بە ڕێژەی ٣ تا ٦ میلیمەتر”.