سەردێر

بریكاری وەزیری پەروەردە باسی مووچە و پلەبەرزكردنەوە و ساڵنامەی خوێندن دەكات

خەڵك-
بریكاری وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، گۆڕینی ساڵنامەی خوێندن لەسەر خواستی مامۆستایان بووە و دەشڵێت: “بابەتی لابردنی لێبڕینی مووچە و پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران پەیوەستە بە بودجە و ڕێككەوتنی هەرێمی و عیراق”.

د. سەیوان عەلی، بریكاری وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ (خەڵك) ئاماژە بە چەند پرسێكی تایبەت بە بواری پەروەردە دەكات و جەختیشدەكاتەوە، كە لە هەموو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری پەروەردە باسی كێشەكانی مامۆستایان دەكات.

خەڵك: مامۆستایان لە ساڵنامەی نوێی خوێندن ناڕازین، ئەی بۆچی دووبارە دەستكاری كرا؟
د. سەیوان عەلی: ئەو بڕیارانەی دراون دوای ئەوەبوو، كە لە ماوەی ڕابردوودا چەند بڕیارێك بڵاوكرانەوە و مامۆستایان گلەییان هەبوو لێی، بۆیە لەبەر خاتری ئەوان ئێمە گۆڕانكاریمان تێدا كرد و بڕیاری نوێمان دەركرد.
هەرچەندە شێوازی ناڕەزاییەكان و داواكارییەكان تا ئێستا بە ئێمە نەگەیشتوون، كە مامۆستایان مافی خۆیانە داواكاری و گلەییان هەبێت، بەڵام بە هەر شێوازێك بڕیارەكان دەربكەین بەشێكی خەڵك هەیە ناڕازی بێت.

خەڵك: پشووەكان بۆچی لابراون؟ ئایا ڕاستەوخۆ خوێندنی دوو وەرز بەدوای یەكدا بۆ خوێندكاران قورس نییە؟
د. سەیوان عەلی: ئەو كاتەی لەبەردەست ماوە تاوەكو مامۆستایان و خوێندكاران بێزار نەبن كردومانە بە یەك وەرز تاوەكو مانگی 6، كە ساڵانی ڕابردووش لەم كاتەدا هەر یەك وەرز بووە و پشووەكانیشمان لابردوو تاوەكو مامۆستایان و خوێندكاران لەسەرخۆ وانەكان بخوێنن و فریا بكەون.
وەرزی دووەم لە مانگی 9 دەستپێدەكات و بەجۆرێك دانراوە تاوەكو (یونسكۆ) پێی ڕازی بێت تا وەرزی دووەم تەواو ببێت و پڕۆگرامەكان بخوێنرێن و هیچ دەرەچەیەكی تریش نییە، چونكە دۆخەكە نائاساییە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە.

خەڵك: ماوەی چەند ساڵێكە پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان وەستاوە و سەرباری زیادبوونی نرخی نەوت مووچە هەر بەلێبڕینەوە دەدرێت، ئێوە چیتان بۆ ئەوانە كردووە؟
د. سەیوان عەلی: خۆشبەختانە لە ئێستا مانگانە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دابەش دەكرێت و بەپێی بڕیاری حكومەت مانگانە بەپێی داهات مووچە دەدەن، لابردنی لێبڕینی مووچە پەیوەستە بەو ڕێككەوتنەی لەنێوان هەولێر و بەغدا دەكرێت، كە ئەگەر ڕێكككەوتنی كۆتایی كرا و بودجە هات ئەو كاتە كێشەكان چارەسەر دەبن و هەمووان حەز دەكەن ڕێككەوتن بكرێت، لە هەموو حاڵەتێكیشدا حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە بەپێی داهات مووچە دابەش بكات.
هەموو هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە كێشەكانیان چارەسەر بكرێت و هەموو مافەكانیان پێ‌ بدرێت و تەنانەت زۆربەی كاتەكانمان لە وەزارەت بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیە تاوەكو دەرەچە بدۆزینەوە بۆ ئەو كێشە و گرفتانەی هەمانن، كە یەكێك لەوانە پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەیە هەروەها مووچەی مانگانە و دەوامی مامۆستایان.
لە هەموو كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری پەروەردە باسی كێشەكانی مامۆستایان دەكات، هەر لە مووچە و پارەی وانەبێژی و پڕۆسەی خوێندنەوە، بۆیە دەمانەوێت مامۆستایان ئەو ڕاستییە بزانن، كە لەبیرمان نەكردوون و بەردەوام لە هەوڵداین بۆیان.

خەڵك: بڕیار بوو سوپاس و پێزانین بدرێت بە مامۆستایان، كەی پێیان دەدرێت؟
د.سەیوان عەلی: لەوانەیە لەبەر بوونی كەرەنتینە و نەبوونی دەوامەوە ئەو ڕێزە دواكەوتبێت، ئەگەرنا مادام وەزیری پەروەردە بڕیاری لەسەر دابێت و بەڵێن درابێت و فەرمانی دەركردبێت بە دڵنیاییەوە ڕێز و سوپاسەكە دەدرێت.