سەردێر

دواین بڕیار لەسەر بەهای دۆلار لە عیراق ئاشكراكرا

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، هیچ گۆڕانكارییەك لە بەهای دۆلاردا ڕوونادات و دەشڵێت: “ئەو زیانەی بەر هاووڵاتیان كەوتوو بەهۆی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار كاتییە و كۆتایی دێت”.

ماجیدە تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەشێوەیەكی لەناكاو هەڵە بووە و دەبوو ئەو پڕۆسەیە پێشوەختە زەمینەسازی بۆ بكرێت تاوەكو كاریگەری نەبێت لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو زیانەی بەهۆی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلارەوە بە هاووڵاتیان گەیشتووە كاتییە و لە مەودایەكی دووردا كۆتاییان دێت.

تەمیمی وتیشی، “بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار و كەمكردنەوەی بڕی خستنەڕووی ڕۆژانە بۆتە هۆی ئەوەی بردنە دەرەوەی ئەو دراوە بوەستێت‌ و یەدەگی دراوی بیانی زیاتر ببێت”.

جەختیشی كردەوە، “هەر گۆڕانكارییەك لە بەهای دۆلاردا بكرێت، دەبێتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی بودجەی گشتی ساڵی 2021، چونكە هەموو حیساباتەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت”، بۆیە ئەو پەڕلەمانتارە بەدووری دەزانێت جارێكی دیكە گۆڕانكاری لە بەهای دۆلار بكرێت.