سەردێر

بەهۆی پشووەكانی حكومەتی هەرێمەوە پێدانی مووچە دوادەكەوێت؟

خەڵك-
حكومەتی هەرێمی كوردستان هەفتەیەك پشووی لە سەرجەم دام و دەزگاكان ڕاگەیاند و ئەوەش دوودڵی لای فەرمانبەران دروست كردووە، كە ئاخۆ وەك حكومەت بەڵێنی دابوو لە 25ی مانگ دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.

ئەمڕۆ حكومەتی هەرێم لەسەر زاری وتەبێژە فەرمییەكەوە ئاشكرای كرد، كە هەفتەی داهاتوو بەتەواوی لە یەك شەممە بۆ پێنج شەممە بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردییەوە دەبێتە پشووی فەرمی و بەو پێیەش تا ڕۆژی شەممەی داهاتووتر 27-3-2021 پشوو دەبێت لە فەرمانگەكان.

ژمارەیەك لە فەرمانبەران، كە نامەیان بۆ (خەڵك) ناردووە لەڕێگەی فەیسبووكەوە و هەروەها ژمارەیەكی دیكەی فەرمانبەران لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەپرسن، ئاخۆ حكومەت كە پشووی ڕاگەیاندووە هیچ حسابێكی بۆ دابەشكردنی مووچە كردووە؟ ئایا پابەندی بەڵێنی دابەشكردنی مووچە لە 25ی مانگ دەبن؟

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی كرد بە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، بەڵام نووسینگەكەی وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند، كە لە بەغدایە و هاوكات بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتەكە بە بیانووی “نەبوونی وتەبێژی فەرمی” ڕەتیانكردەوە لێدوان بدەن.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) كە لە سەرچاوەیەكی حكومییەوە دەستی كەوتووە، سەرەڕای پشووی فەرمی بڕیارە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا دەست بە دابەشكردنی مووچە بكەن و بۆ ئەوەش چاوەڕێی دواین بڕیار دەكرێت لەسەر ئەوەی ئاخۆ لێبڕین لە مووچە دەكرێت یان نا و ڕێژەكەی چەند دەبێت.

بە وتەی سەرچاوە حكومییەكە، “بەهۆی ئەوەی شاندی حكومەتی هەرێم لە بەغدایە، كە وەزیری داراییشیان لەگەڵە، ئەگەر لە پشووەكەشدا مووچە دابەشنەكرا ئەوا لە هەفتەی دوای پشووی نەورۆز مووچە دابەش دەكرێت و تا كۆتایی مانگ بە 3 بۆ 4 ڕۆژ تەواوی مووچەخۆران مووچەیان پێ‌ دەدرێت”.