سەردێر

چەند بڕیارێكی نوێ‌ بۆ قەدەغەی هاتووچۆ دەركران

خەڵك-
حكومەتی عیراق چەند بڕیارێكی نوێ‌ دەربارەی قەدەغەی هاتووچۆ و چێشتخانە و بازاڕ و كافتریاكان دەردەكات و وتەبێژی سەرۆك وەزیران پەیامێك ئاڕاستەی گەلی كوردستان دەكات.

حەسەن نازم، وتەبێژی حكومەتی عیراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران هاوخەمی خۆی لەگەڵ گەلی كوردستان بەبۆنەی یادی تاوانی هەڵەبجەوە ڕادەگەیەنێت.

ڕاشیگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا بە سووك كردنی ڕێكارەكانی قەدەغەی هاتووچۆ لە ڕۆژی 22ی ئەم مانگەوە.

وتیشی، ” لەمەودوا نیمچە قەدەغەی هاتووچۆ پەیڕەو دەكرێت لە كاتژمێر 9ی شەو تاوەكو 5ی بەیانی و ڕۆژەكانی هەینی و شەممە بەتەواوی قەدەغەی هاتووچۆ بەردەوام دەبێت”.

جەختیشی كردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە بە كردنەوەی بازاڕ و چێشتخانە و كافتریاكان لە ڕۆژی 22ی ئەم مانگەوە، بەڵام بە مەرج و ڕێكاری تەندروستی تەواو.