سەردێر

گەنجێك لە بەردەم پەڕلەمان داوای بەهاناوەچوون دەكات

خەڵك-ئارام سەردار
گەنجێكی شارۆچكەی بەردەڕەش سەر بەپارێزگای دهۆك ڕایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی وازم لەخوێندن هێنا، دەستم بەكرێكاری كرد تاوەكو قوتی ژیان پەیدا بكەم، بەڵام ڕۆژێك لەكاتی كرێكاری كەوتم و فەقەڕاتم شكا، ماوەی ١٠ ساڵە لەسەر جگام و هاوار دەكەم با قاچەكانم لەدەست نەدەم.

ڕێبوار زەینەل، گەنجێكی شارۆچكەی بەردەڕەشە و بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، من وەك گەنجێك هاتووم بۆ بەردەم پەڕلەمان داوای ژیان دەكەم، ماوەی ١٠ ساڵە لەسەر جگام و هاوار دەكەم با قاچەكانم لەدەست نەدەم، بەڵام كەس بەدەنگمەوە نەهاتووە.

دەشڵێت،” من دوای ئەوەی وازم لەخوێندن هێنا، دەستم بەكرێكاری كرد تاوەكو قوتی ژیان پەیدا بكەم، بەڵام ڕۆژێك لەكاتی كرێكاری كەوتم و فەقەڕاتم شكا، تائێستا بەم شێوەیەم پارەم نەبووە چارەسەر بكرێم و پێویستم بەنەشتەرگەریە، ڕۆژ بەڕۆژیش مەترسی ئەوە هەیە قاچەكانم بەیەكجاری لەدەست بدەم”.

ئەوەشی خستەڕوو، من داوای پارە ناكەم، بەڵكو داوای چارەسەر دەكەم، كە لەوڵاتی ئەڵمانیا هەیە و تێچووەكەی نزیكەی ٣٠ دەفتەی دۆلارە، بۆیە داوا لەبەرپرسانی باڵا دەكەم وەك گەنجێك و كوڕێكی خۆیان چارەسەرم بكەن بۆ ئەوەی منیش ژیانی ئاسایی خۆم بكەم.