سەردێر

وڵاتێكی ئاسیایی منداڵە داعشەكانی لە عیراق دەباتەوە

خەڵك-
دەیان منداڵی نەوەی توندڕەوەكان لە عیراقەوە بەرەو قرغیزستان دەبرێنەوە، ئەمەش بە یەكەم پرۆسەی لەو جۆرە دادەنرێت كە لەلایەن ئەو وڵاتە ئاسیاییە ئەنجام دەدرێت، دوای ئەوەی سەدان كەس لە وڵاتەكە بۆ شەڕكردن لە ڕێزەكانی ڕێكخراوی داعش وڵاتەكەیان بەجێهێشتبوو.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی قرغیزستانەوە بڵاوكرایەوە”79 منداڵ كە دایك و باوكیان قرغیزیین، لەسەر ڕەزامەندی دایكیان كە لە عیراق ماونەتەوە، گێڕدرانەوە وڵات”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”دەزگاكانی دەوڵەت كاردەكەن بۆ گێڕانەوە و تێكەڵكردنەوەی كۆمەڵایەتی ئەو منداڵانە، تا ئامادەی ڕادەستكردن بكرێن بە كەسوكارییان”.

ژنانێكی زۆری ئاسیایی لە عیراق و سوریا لە زینداندان، بەو هۆیەی پەیوەندییان بە هەردوو ڕێكخراوی قاعیدە و داعشەوە كردووە و زۆربەیان مێردەكانیان لە شەڕەكاندا كوژراون.

قرغیزستان، چوارەم دەوڵەتی ئاسیای ناوەندە كە پرۆسەی گێڕانەوەی هاووڵاتیانی خۆی لە عیراق و سوریاوە ئەنجام دەدات لە دوای كازاخستان و ئۆزبەكستان و تاجیكستان، بەو پێیەی هەزاران كەس لەو ناوچەیە كە زۆربەی دانیشتوانیان مسوڵمانن، وڵاتەكانیان جێهێشتبووبۆ چوونە  ڕێزەكانی داعش و ڕێكخراوە توندڕەوەكانی تر.