سەردێر

هەرێم داوای 380 ملیار دۆلار لە بەغدا دەكات

خەڵك-
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم هەر لە سەرەتای پێكهێنانی داوای 380 ملیار دۆلاری لە حكومەتی فیدراڵ كرد لەبەرانبەر كۆمەڵكوژی و ڕاگواستن بەدەستی ڕژێمی پێشوو.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم لە میانی وتارێكی لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان كە تایبەت كرابوو بۆ 33 ساڵی كیمیابارانی هەڵەبجە ڕایگەیاند”لە ساڵی 2014 بڕیارماندا هەڵەبجە بكرێتە پارێزگا، ڕاستە كەمتەرخەمی لەو دۆسێیەدا هەبووە و ئێمە دان بە ڕاستییەكەدا دەنێین، بەڵام هەموان لەسەر ئەوە كۆكین كە پێویستە هەڵەبجە وەك سلێمانی و هەولێر و دهۆك بێت”.

بە وتەی ڕێبەر ئەحمەد”ئەو كێشە گەورەیەی ڕووبەڕووی هەڵەبجە بۆتەوە ئەوەیە كە عیراق تائێستا ئامادە نییە دان بە هەڵەبجەدا بنێت وەك پارێزگا، بەو پێیەی بەشێكی زۆری فەرمانگە و دامەزراوە حكومییەكانی تێدا نەكراوەتەوە، بەو هۆیەی حكومەتی فیدراڵ ئامادە نییە بودجەی دارایی بۆ هەڵەبجە دابین بكات”.

وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كورستان دەڵێت”داوا دەكەین بەشێوەیەكی گشتی گەلی كوردستان قەرەبوو بكرێتەوە، ئەمەش لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە كراوە بە ئەولەوییەت و لە دوای پێكهاتنییەوە ڕاستەوخۆ كە یەكەم شاندی ڕەوانەی بەغدا كرد، داواكاریی قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی گەلی كوردستان بە 380 ملیار دۆلار، ڕادەستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كرا كە قەرەبووكردنەوەی هەڵەبجە و ئەنفال و بارزانییەكان و فەیلییەكان و قەرەبووی هەموو تاوانەكانی بەعس لەخۆدەگرێت”.