سەردێر

مەسرور بارزانی بانگهێشتی شێخی ئەزهەر بۆ كوردستان دەكات

خەڵك-
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزیری ئەوقافەوە شێخی ئەزهەر بانگهێشتی كوردستان دەكات.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان و ڕابەری كاسۆلیكەكانی جیهان بانگهێشتی عیراق كرا و لەو چوارچێوەیەشدا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، دوابەدوای ئەوەش شێخی ئەزهەر، كە بە مەرجەعیەتی ئاینیی سوننەكان دادەنرێت بانگهێشتی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێم لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی سەردانەکەماندا بۆ میسڕ، چاومان کەوت بە شێخی ئەزھەر د. ئەحمەد تەیب و بانگھێشت نامەیەکی فەرمی و ڕێزی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستانمان گەیاندە شێخی ئەزھەر بەمەبەستی سەردانیان بۆ کوردستان.

ڕاشیگەیاندووە، پێزانینی سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان و مامۆستایانی ئایینیمان پێ‌ گەیاند بۆ ڕۆڵی میانڕەوی ئەزھەر لەگەیاندنی پەیامی پیرۆزی ئیسلام، ھەروەھا گفتوگۆمان لەبارەی قوتابیانی ھەرێمی کوردستان کرد لەزانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندن لەئەزھەر.

دەشڵێت: “شێخی ئەزھەر باسی ڕۆڵی زانایان و ڕۆشنبیرانی کوردی کرد لەخزمەت ئایین و موسڵماناندا، ھەروەھا ھەرێمی کوردستانی بەشوێنێکی ئارام و لانەی پێکەوەژیان وەسف کرد، خۆشحاڵی خۆی بە بانگھێشت نامەی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان نیشاندا”.