سەردێر

بۆ ڕووبەڕووبونەوەی سوپای توركیا هێز دەبرێتە شنگال

خەڵك-
بەهۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جموجۆڵی سوپای توركیا بەرەو چیای شنگال، حەشدی شەعبی هێزێكی زۆر لە دەوروبەری قەزای شنگال كۆدەكاتەوە سەرچاوەیەكیش دەڵێت، ئێستا ڕەوشی ئەمنی لە قەزاكە جێگیرە و هیچ شتێك لەئارادا نییە.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، سەرچاوەیەكی ئەمنی لە قەزای شنگال بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند”بەهۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جموجۆڵی هێزەكانی سوپای توركیا بەرەو چیای شنگال، حەشدی شەعبی هێزێكی زۆری لە ناوچەكەدا كۆكردۆتەوە، بەڵام لەئێستادا دەركەوتووە كە هیچ شتێك ئارادا نییە و سوپای توركیاش بەرەو چیای شنگال نەجوڵێنراوە”.

بە وتەی سەرچاوەكە، لەئێستادا ڕەوشی ئەمنی لە قەزای شنگال جێگیرە و هیچ شتێكی وەها لەئارادا نییە كە جێگەی باس بێت، ئاماژەی بە خواستی هێزە كوردییەكانیش كرد لە ناوچەكەدا كە دەیانەوێت كاروباری شارەكە لەدەستی خەڵكی شنگالدا بێت و هیچ كام لەو هێزانەی لە قەزاكە و دەوروبەری قەزاكەدا هەن، دەست لە كاروباریی ناوچەكە وەنەدەن.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت”لەئێستادا سێ‌ لیوا لە ناوچەكەدا هەن، یەكێكیان لە سنوێیە و یەكێكی دی لەسەر شاخ و ئەوی تر لە شنگالە، هێزەكانیش لە شنگال، بە حەشدی شەعبی و پۆلیسی خۆجێی عیراقی و سوپای عیراق پێكدێت”.