سەردێر

د.كەمال مەزهەر كۆچی دوایی كرد

ئەمڕۆ سێ شەممە، د.كەمال مەزهەر مێژونوسی بەناوبانگی كورد كۆچی دواییكرد.

د.هەندرێن جەمال سۆران خوشكەزای دكتۆر كەمال لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بە داخێكی زۆر گرانەوە، بە دڵێكی پڕ ئازارەوە، هەواڵی مەرگی پرۆفیسۆری مەزن، (د.كەمال مەزهەر) تان پێ ڕادەگەیەنین، كە پاش نەخۆشییەكی درێژخایەن ئەمڕۆ لە خەستەخانەیەكی شاری ( بۆن)ی ئەڵمانیا گیانی پاكی سپارد.

دەقی ڕاگەیەراوەكە…

كوردستانیانی خۆشەویست: بە داخێكی زۆر گرانەوە، بە دڵێكی پڕ ئازارەوە، هەواڵی مەرگی پرۆفیسۆری مەزن، (د. كەمال مەزهەر) تان پێ ڕادەگەیەنین، كە پاش نەخۆشییەكی درێژخایەن ئەمڕۆ لە خەستەخانەیەكی شاری ( بۆن )ی ئەڵمانیا گیانی پاكی سپارد و، كۆتای بە ژیانی پڕ سەروەری هێنا، ئەو ژیانەی تەرخانی كردبوو بۆ خزمەتی نەتەوەكەی، ماندوونەناسانە خۆی خستبووە پێناوی مێژووی شاراوەی ئەو كوردستانەی هەمیشە لە ناخەوە وەك مۆم بۆی ئەسووتا، دكتۆر كەمال مەزهەر هەر چەند مەرگ جەستەیی لێ دوور خستینەوە، بەڵام هەمیشە بە نەمری لە ناو دڵ و دەروونی هەموو ئابڕوومەندێكی كورد دا، بە پیرۆزی دەمێنێتەوە، ئەمڕۆ مێژووی كورد مانای كەمال مەزهەر، كەمال مەزهەریش مانای مێژووی كورد، دكتۆر كەمال مەزهەر زانایانە و پیشەییانە بە قووڵی رۆچووە ناو میژووی نەتەوەكەیەوە، سەدەها دۆكیمەنتی گرنگی لەسەر رەفە تۆزلێنیشتووەكانی وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و زۆر لە وڵاتانی تری هێنایەوە بە خۆری راستی و، زانایانە دیوە شاراوەكانی ڕاست ئەكردەوە و، ئەیكرد بە قەباڵەی حاشاهەڵنەگر بۆ هەموو ئەوانەی مەبەستیانە لە مێژووی كورد بگەن و، ئەوانەشی كە بە پلان دەیانەوێت مێژووی نەتەوەكەمان بشێوێنن. ئەگەر هەر كەسێك دۆست و نا دۆست بیەوێت لە دكتۆر كەمال مەزهەر بگات، جگە لە مێژووی ژیانی پڕ سەروەری، ئەوە چەندەها كتێبی بە نرخی دوای خۆی بە جێهێشتووە، كە پڕن لە رەنج و ماندوویی ئەم كەسە خۆنەویستە.

لێرەدا خانمی بەڕیز (شەهلا تاهر حەیدەری ) هاوسەری دكتۆر كەمال شیاوی ستایش و بە گەورەزانینێتی، كە چەند ساڵە ماندوونەناسانە لە خزمەتی هاوسەرەكەیدا شەو و رۆژ بێ وچان ئاگاداری بووە و، نەیهێشتووە بێخزمەتی پێوە دیار بێت، هەروەها ( نەجات مەزهەر)ی خوشكی دكتۆر كەمال كە هەمیشە ئاگاداری بوو و، پێیەكی لە بەریتانیا و پێیەكی لە ئەڵمانیا بووە لە پەرۆشی بۆ برا مەزنەكەی و تا توانیوێتی بە ئەركی خۆشكایەتییەكی دڵسۆز هەستاوە. هەروەها سوپاسی هەموو خزم و دوست .

كوردستانیانی خۆشەویست لەم بۆنە پڕ ئازارەماندا، دەمانەوێت پێتان ڕابگەیەنین، لەبەر هەلومەرجی جیهان و كوردستان بە هۆی نەخۆشی كۆرۆناوە، نا كرێ پرسە دابنرێت و سەختە تەرمی پیرۆزی بێنینەوە بۆ كوردستانی خۆشەویستی، نیاز وایە بە شێوەیەكی كاتی لە ئەڵمانیا بە خاكی پسپێرین، بەو هیوایەی لە هەلومەرجێكی لەباردا بیهێنینەوە، بۆ كوردستان لە زێدی خۆی بە خاكی بسپێرینەوە لەگەڵ مەراسیمی تر كە لە ئاست گەورەیی ئەو زاتە دا بیت. لە رهەر پێشهاتێك ئاگادارتان دەكەینەوە.

دوا وتەمان سەرخۆشی لە خۆمان و هەموو دڵسۆزانی دكتۆر كەمال مەزهەر و گەلی كورد ئەكەین. خوا ناخۆشیتان نەداتی و كوردستان سەربەرز بێت، كە ئاواتی هەمیشەیی دكتۆر كەمال مەزهەر بوو.

دكتۆر هەندرێن جەمال سوران

خوشكەزای دكتۆر كەمال_ لە جیاتی بنەماڵە

 

کەمال مەزھەر ئەحمەد لە ساڵی ١٩٣٧ی زایینی لە گوندی ئاغجەلەری سەر بە شاری کەرکوک لەدایکبوو. لە ساڵی ١٩٥٩ی زایینی لە زانکۆی بەغدا کارناسیی مێژووی وەرگرت و چوو بۆ یەکێتیی سۆڤیەت.

کەمال مەزھەر ئەحمەد لە سۆڤیەتدا لە ساڵی ١٩٦٩ی زایینی لە ئەنستیتۆتی ڕۆژھەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستەکانی سۆڤیەت دکتۆرای زانستەکانی وەرگرت. لە ساڵی ١٩٨١ بە پایەی مامۆستایی لە مێژوو گەیشت. کەمال مەزھەر ئەحمەد دیسانەوە چوو بۆ عێراق و لە ساڵانی ١٩٧١ ھەتا ١٩٧٥ی زایینی سکرتێر و ھاوکاری سەرۆک لە پرسەکانی زانستی لە فەرھەنگستانی کوردی بەغدا بوو.

کەمال مەزھەر ئەحمەد لە زانکۆی بەغدا لە ئەنستیتۆتی گەلانی ڕۆژھەڵاتی نزیک و ناوین لە باکوو، ئەنستیتۆتی باڵای لێکۆلینەکانی نەتەوەیی و سۆسیالیستیی زانکۆی موستەنسەریە و ھەروەھا ئەنستیتۆتی لێکۆلینەکانی عەرەبی وانەی داوە.

ئەو ھەروەھا ئەندامی یەکێتیی نووسەرەکانی کورد و ئەنستیتۆتی کورد لە پاریس بووه.