سەردێر

وەزیری پلاندانان: پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم ئامادەیە

خەڵك-ئارام سەردار

وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی شاندی دانوستانكار لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم ئامادەیە و چاوەڕوانی پشكی هەرێم لەبوودجەی عیراق دەكەین و تائێستاش ئێمە پابەندین بەدەقی ڕێككەوتنمان لەگەڵ حكومەت.

دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی شاندی دانوستانكار لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دیار نیە ئەم سەردانەی وەڤدی دانوستانكاری هەرێم دوا سەردان دەبێت یان نا، بەڵام ئەمڕۆ سەردانی بەغداد دەكەین، دەمانەوێت سەردانەكە ئەنجامی هەبێت، هیچ ناكۆكیەكمان نیە لەگەڵ حكومەت و تائێستاش ئێمە پابەندین بەدەقی ڕێككەوتنمان لەگەڵ حكومەت كە لەپڕۆژە یاسای بوودجە وەك خۆی ماوە.

دەشڵێت”ئیستا پەڕلەمانی عیراق سەرقاڵی یاسای دادگای فیدڕاڵییە، ئەو بەندەی پەیوەندی بە بودجەی هەریمەوە هەیە لەیاسای بوودجە وەك خۆی ماوە، وەك خۆی دەمێنێتەوە، ڕەتیشی كردەوە هەرێم داوای كردبێت هیچ كۆمپانیایەك ببێتە هاوبەش لەكۆپانیای سۆمۆ، بەڵكو ئێمە ڕێككەوتووین ٢٥٠ هەزار بەرمیل بە حكومەتی عیراق دەدەین لەگەڵ نیوەی داهاتی نا نەوتی، ئێمە پێداگیری لەسەر ئەو بەندە دەكەین كە لەنێوان هەردوو حكومەت ئیمزامان لەسەر كرد”.

سەبارەت پڕۆژەی یاسای ٢٠٢١ی هەرێمی كوردستان ئەوەێ خستەڕوو، پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم ئامادەیە، هەنگاوی باشی بڕیوە و هەموو لایەنەكانی وەك مافی فەرمانبەران و بەكارخستن و وەبەرهێنان دیاری كراوە و ئامادەكراوە بەڵام چاوەڕوانی دواین هەنگاوی حكومەتی عیراق و یاسای بودجە دەكەین، بۆیە راگیراوە بزانین داهاتمان چەندە، و خەرجیمان چۆن دەبێت، چونكە پشكی هەرێمیش لەبەغداد بەشێك دەبێت لەیاسای بوودجەی هەرێم.

لەبارەی پارێزگای هەڵەبجە وەزیری پلاندانان وتی حكومەت ٣٠ میلیار دیناری بۆ پڕۆژەكانی هەڵەبجە تەرخانكردوە و پڕۆژەی ستراتیژیمان لە پارێزگاكەدا بڕیار لێداوە لەبارەی ئاو، كارەبا، خزمەتگوزاری تر.