سەردێر

داوای جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی هەڵەبجە دەكرێت

 

خەڵك-ئارام سەردار

بەڕێوەبەری نوسینگەی پەڕلەمانی كوردستان لەپارێزگای هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، لەڕێگای یاداشتێك كێشە و گرفت و پێداویستیەكانی هەڵەبجەمان گەیاندۆتە پەڕلەمان و داوای جێبەجێ كردنی پڕۆژەكانی پارێزگاكە دەكەین.

شاخەوان ڕەئوف، بەڕێوەبەری نوسینگەی پەڕلەمانی كوردستان لەپارێزگای هەڵەبجە بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، كارەساتی هەڵەبجە كۆمەڵكوژیەكی كەم وێنەبووە لەمێژووی مرۆڤایەتی و پێویستی بەكاركردن و ئەرشیفكردن و توێژینەوە لە ڕووداوەكە هەیە، پێویست بوو سێ دەیە بەر لەئێستا كار لەسەر ئەو پرسە بكرایە.

ئەوەشی خستەڕوو، داوادەكەین پەلە بكرێت لەتەواوكردنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە تاوەكو لەڕووی سیاسی و ئیداری بەئەركی خۆیان هەڵبستن، درووستكردنی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان و پۆستە ئیداریەكان بۆ ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان، لەگەڵ تەواوكردنی پردی تووەقوت كە هەڵەبجە بەشارەزوور دەبەستێتەوە، لەگەڵ پردی سەید محمد كە پارێزگاكە بە مەرزەكان و دەربەندیخان و چەند ناوچەیەكی تر دەبەستێتەوە، كاریگەری لەسەر ئاستی بازرگانی دەبێت، هاوكات داوای كردنەوەی مەرزی سازان دەكەین.

وتیشی، سەیری جولەكە بكەن چۆن كاریان لەسەر هۆڵۆكۆست و ئەو ڕووداوانە كردووە كە بەسەر نەتەوەكەیان هاتووە،چۆن توانیان پاڵپشتی سەرۆكی وڵاتان بەدەست بهێنن و دەوڵەتێكی بەهێز بۆخۆیان دروست بكەن، لەدوای ٧٠ ساڵ هەر كارێك بەرامبەریان ڕووبدات ڕاستەوخۆ سەركۆنە دەكرێت، بەژیرانە ڕێگریان كرد لەدووبارە نەبوونەوەی تاوان بەرامبەریان.

دەشڵێت، بەهۆی تێنەگەیشتنی ئێمە، ساڵانە ڕووبەڕووی گەلەكۆمە و لەناوچوون دەبینەوە، دەبێ واز لەوەبێنین لەساڵێك ڕۆژێك تەرخان بكەین، باقی ڕۆژەكانی تر لەبیربكەین، هەڵەبجەییەكان پێویستیان بەخزمەتكردن و گەیاندنی خزمەتگوزاریە.

هەڵەبجە زیاتر لە ١١٠ هەزار زەوی كشتووكاڵی و ١٢ هەزار دۆنم باخی هەناری تێدایە ئەمەش پێویستی بەساردكەرەوە دەبێت بۆ پارستنی بەرهەمەكان تاوەكو هەناردە دەكرێن، لەگەڵ هاندانی كەرتی تایبەت لەسنوورەكە و ئەنجامدانی پڕۆژەی ئاودێری و خاوێنكردنەوەی كارێزەكان و دروستكردنی ڕێگا بۆ گوندەكان و گرنگی دان بەناوچە گەشتیاریەكان و دانانی كارگەی پاككردنەوەی گەنم.