سەردێر

“بەرپرسانی هەرێم، ساڵیادی كیمیابارانیان كردووەتە بۆنەیەكی ڕۆتینی”

مامەڵەكردنی دوو حزبی دەسەڵاتدار لەگەڵ هەڵەبجە، لەسەر بنەمای ڕق و تۆڵەكردنەوەیە

خەڵك-تەنیا هەورامی

چالاكوانێكی مەدەنی ڕایدەگەیەنێت، هەڵەبجە لە ڕووی سیاسی و پێگەی نەتەوەییەوە كاریگەری جدی دروست كردووە.

عوسمان گوڵپی چالاكوانی مەدەنی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەڵەبجە لە ئاست گەورەیی كارەسات و قوربانیەكانیدا دەتوانم بڵێم زۆر پشتگوێ خراوە، بە جۆرێك كە حكومەتی هەرێم هیچ كات وەك پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ نەكردوە بەڵكو وەك قەزا مامەڵەی لەگەڵ كردووە بۆیە گۆڕانكاریەك بەدی ناكرێ لە دوای بە پارێزگابوونیەوە.

وتیشی”گۆڕانكاری، گۆڕینی ناوی فەرمانگەكان نیە لە بەڕێوبەرییەوە بۆ بەڕیوبەرایەتی گشتی، و دانانی پارێزگار، بەڵكو گۆڕانكاری و حسابكردن بۆی وەك پارێزگا بە ژمارەی پڕۆژەكانی دەپێورێت و ئەو بودجەیەی بۆی تەرخان دەكرێت، كە بەرای من هیچكات وەك پارێزگا مامەڵەی فیعلی لەگەڵ نەكراوە”.

ئاشكراشیكرد، هەڵەبجە لە ڕووی سیاسی و پێگەی نەتەوەییەوە كاریگەری جددی دروست كردووە لە زیهنی هەموو ئەو بیانیانەی كە موهتەمن بە عێراق و كوردستان، هەڵەبجە پێگەیەكی گەورەیی هەیە و بووەتە ناسنامەیەك بۆ ستەمێكی گەورە لە كورد و تەنانەت مرۆڤایەتیش، بەڵام بەرپرسانی كورد نەیانتوانی بە ئەندازەیەك ئاوڕ لە هەڵەبجە بدەنەوە و گەشەی پێبدەن، لانیكەم لە ئاست قوربانیدانیدابێت، ئەوەش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ بیری تەسكی حیزبی و مامەڵەكردن لەگەل هەڵەبجە لەسەر بنەمای ڕق و تۆڵەكردنەوە كە بە جۆرێك دوو حزبی دەسەڵات بەجێ نفوزی خۆیانیان نەزانیوە لە ڕابردوودا، لە ئێستاشدا وەك قەزایەك لە سلێمانی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت نەك پارێزگایەكی سەربەخۆ.
ڕوونیشیكردەوە، بەرپرسانی هەرێم ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەیان كردووەتە بۆنەیەكی ڕۆتینی ئاسایی، تەنانەت ئەو یادەشیان خزاندووەتە نێو ململانێ سیاسییەكان، بۆیە لە نێوان ململانێ سیاسیەكاندا ئەوشارە و خەڵكەكەی قوربانی یەكەمە، ئەگەرنا دانانی ئەنجومەنێك چیە بۆ حكومەت؟

گوڵپی ڕاشیگەیاند، ئەوە ٣٠ ساڵە بەرپرسان بەڵێنی گەورە بەو شارە دەدەن، قسەی قەبە دەكەن، گەر لەم سی ساڵەدا تەنها یەك بەڵێنی ستراتیژیان ساڵانە جێبەجێ بكردایە ئەوا ئێستا هەڵەبجە هەنگاوێك لە پێشتربوو لە ئێستای، بەداخەوە كە هیچكات هەڵەبجە لە ئاست گەورەیی قوربانیەكەی مامەڵەی لەگەڵ نەكراوە، ئەوەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خراپی حكومڕانی بچوكی بیركردنەوەی بەرپرسانی ئەم وڵاتەوە هەیە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، گەندەڵی و ناعەدالەتی و قاچاخچێتی سنوورەكان و بردنی داهاتی وڵات بۆ بەڕپرسان، ئەوەندەی تر ئازاری هەڵەبجەییەكانی زیاتر كردووە، چونكە لە وڵاتێكی دەوڵەمەندا هەڵەبجە بە هەژاری ماوەتەوە.