سەردێر

هەڵەبجە، 67 خێزان داوای 119 منداڵی ونبوو دەكەن

پێویستە حكومەت خۆی بە خاوەنی ونبووەكانی هەڵەبجە بزانێت

 

خەڵك – یەحیا حبیب

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت،پێویستە لایەنی حوكمەت خۆی بكات بە خاوەن بابەتی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە، كە67 خێزان داوای 119 منداڵی ونبوو دەكەن.

لوقمان عەبدوالقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیای هەڵەبجە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “ئێمە بە هاوكاری لیژنەی منداڵە ونبووەكان و دادگای هەڵەبجە مەلەفێكمان بۆ ئەو كەیسە كردەوە كە 67 خێزان داوای 119 منداڵ دەكەن، بەڵام بەداخەوە چەند كەیسێك ڕاگەیەندرا و لەو سەنتەرەی پشكنینی تێدا ئەنجامدرا، دوبارەكرانەوە ئەنجامەكانیان وا دەرنەچوو كە جاری یەكەم ڕاگەیاندرا بوو هۆیەوە كەیسەكە وەستا “.

وتیشی، پێویستەكات لایەنە پەیوەندیدارەكان بێنە سەر خەت و بەردەوام ئاگاداری كەیسەكان بن و پێویستەكات ئەو كەسانەی دەڵێن منداڵیان ونبووە و ئەوانەشەی كە بانگەشەی هەڵەبجەیی بونی خۆیان دەكەن سامپڵیان لێ وەرگیرێت و بەراورد بكرێن “.

ئاشكراشیكرد، ئەوانەشی كە گەڕاونەتەوە لەبەر ئەوەی نەتوانراوە وەك پێویست خزمەت بكرێن و توێژەری كۆمەڵایەتییان بۆ دابین بكرێت چونكە ئەوان لە كلتورێكی تردا گەورە بوون و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خێزانەی كە منداڵەكەیان دەگەڕێتەوە ناتوانن قبوڵی ئەو فەرهەنگەی ئەوان بكەن “.

دەشڵێت، “زۆر جار ئەو منداڵانە كە دۆزراونەتەوە دوبارە خێزانەكانیان بە جێدەهێڵنەوە قبوڵی ئەو ڕاستییە ناكەن “.

وتیشی، پێویستدەكات وەزارەتەكانی ناوخۆ و تەندروستی و شەهیدان و ئەنفالكراوان بۆردێكیان هەبێت بۆ ئەوەی كار لەسەر ئەم كەیسە بكەن و دەبێت لایەنی حوكمی خۆی بكات بە خاوەنی .

جەختیشیكردەوە، ئەو منداڵانەی دەگەڕێنەوە دەبێت لە سەرجەم ڕووەكانەوە كار ئاسانییان بۆ بكرێت و شوێنی نیشتەجێبونیان بۆ دابین بكرێت .