سەردێر

لە سلێمانی خۆپیشاندان بەردەوامە

سلێمانی – نزار جەزا

ئەمڕۆ سێ شەممە بۆ دووەمجار خوێندكارانی قۆناغی ١٢ خۆپیشاندانیان لەشاری سلێمانی ئەنجامداو جەختیان لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان كردەوە.

خوێندكارانی قۆناغی 12 لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دروشمیان بەرزكردەوە و تایەیان سووتاند و ڕێگای بەردەم بەڕێوەبەرایەتییەكەیان داخست

ئەوان، دوێنێ دوو شەممە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە كۆبوونەوە و داواكارییەكانی خۆیان پێڕاگەیاند، بەڵام خوێندكارەكان وەڵامی داواكارییەكانیان بەجێبەجێكراوی لەڕاگەیاندنەكانەوە نەبینی، بۆیە ئەمڕۆش هاوشێوەی دوێنێ خۆپیشاندانیان دەستپێكرد.

ئەو خوێندكارانە تاكو ئێستا لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەن، جەخت لەئەوەدەكەنەوە، ئەگەر ئەمشەو وەڵامی داواكارییەكانیان لەڕاگەیاندنەكانەوە نەبینن، بۆ ڕۆژانی دواتریش بەهەمانشێوە خۆپیشاندان دەكەن.

ئەو خوێندكارانە ناڕازیبوون لەوەی زۆر بەپەلە وانەكانیان دەخوێنن، بەجۆرێك لەڕۆژێكدا وانەی چەند ڕۆژێك دەخوێنن، ئەوان پێیانوایە، ئەمە وادەكات نەتوانن ئەو هەموو وانەیە تێبگەن، بۆئەوەی لەكاتی تاقیكردنەوەدا وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە.

ئەوان داواكارن وانەكانیان بۆ كەمبكرێتەوە، چونكە پێیانوایە، ناكرێت لەماوەی چەند مانگێكی كەمدا بەشە وانەی نۆ مانگ بخوێنن، لەبەرئەوەی ماوەكەی كەمە و وانەكانیش زۆرن.

داواكارییەكی دیكەیان ئەوەیە، كە ئەو ماوەیەی لەپێش تاقیكرنەوەی نیشتیمانی بۆ پێداچوونەوەی وانەكان دانراوە لە ٢٥ ڕۆژەوە بۆ زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ درێژبكرێتەوە.

ئەم لەكاتێكدایە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەجیهان و هەرێمی كوردستانیش، پڕۆسەی خوێندن و كۆی كایەكانی ژیان پەكی پەكیكەوتووە.