سەردێر

گرفتەكانی هەڵەبجە لە پەرلەمان تاوتوێ‌ دەكرێت

یەكەمجارە پەرمان كۆبوونەوەیەكی لەو جۆرە ئەنجام بدات

خەڵك
بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە كێشەو گرفتەكانی پارێزگای هەڵەبجە كۆبوونەوەیەك بە ئامادەبوونی چەند بەرپرسێكی حكومی ئەنجامبدرێت.

سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی تایبەت لەسەر خستنەڕووی كێشەو گرفتەكانی پارێزگاكە، بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە.

وتیشی لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە وەزیرانی ناوخۆ، ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ڕۆشنبیری و لاوان، شارەوانی و گەشتگوزار، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئامادە دەبن.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ یەكەمجارە پەڕلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی لەو جۆرە بۆ یادی كیمیابارانكردنی پارێزگاكە ئەنجام دەدات بە ئامادە بوونی لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

سامان ئەحمەد وتیشی، بڕیار بوو وەزیری شەهیدان و پارێزگاری هەڵەبجەش ئامادەبن بەڵام بەهۆی ئەوەی لە پارێزگاكی ڕێوڕەسم بەڕێوە دەچێت بۆیە ناتوانرێت ئەوان ئامادەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بن و نوێنەرانی پارێزگاكە لە پەرلەمان كێشەو گرفتەكان دەگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار.

لە 16-3-1988 ڕژێمی بەعسی عێراقی بە چەكی كیمیایی 5 هەزار كوردی لەناوبرد ، پاش ساڵانێك لەدواخستنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە لەلایەن حكوومەتی ناوەندیی عێراقەوە، ڕۆژی 13-3- 2014 بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرایە پارێزگا و ڕووبەرەكەی ٥٠٠٠ كیلۆمەتری چوارگۆشەیە.