سەردێر

هەدەپە: ئەندامانمان لە هەولێر فشار دەخرێتە سەریان و دەستگیردەكرێن

خەڵك-

نوێنەرایەتی هەدەپە فشاری سەر ئەندامەکانی لەهەولێر ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تائێستا ٨٥ ئەنداممان داوایان لێ کراوە هەرێمی کوردستان جێبهێڵن.

مزگین ئاری، نوێنەری هەدەپە لەهەرێمی کوردستان لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕۆژ بەڕۆژ لەهەرێمی کوردستان فشار دەخرێتە سەر ئەندامانیان و

هەندێکیان دەستگیردەکرێن یان داوایان لێ دەکەن کاری سیخوڕی بکەن ئەگەرنا دەبێ هەرێمی کوردستان جێبهێڵن.

 

دەشڵێت، تائێستا ٨٥ ئەنداممان داوایان لێ کراوە هەرێمی کوردستان جێبهێڵن، بۆیە ئێمه یاداشتێک دەدەینە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر ئەو فشار و هەڕەشانەی لەئەندامانان دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەشێک لەئەندامانیان ئیقامەیان لێ وەرگیراوەتەوە و ڕەوانەی دەرەوەی سنور کراون لەزاخۆ، هەندێکیشیان داوای کاتێکی دیاری کراو دەکەن هەرێم بەجێبهێڵن، لەکاتێکدا ئێمە بەفەڕمی نوێنەرایەتیمان لەهەولێر هەیە و بەهۆی سیاسەتەکانی ئەکەپە و مەهەپە ژمارەیەکی زۆر لەئەندامانمان وڵاتیان بەجێ هێشتووە.

لای خۆشیەوە حەسەن نادر وتی، ئێمە بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لەهەرێمی کوردستانین نە لەسەر کارێکی ئەخلاقی بووە نە لەسەر دزی، نازانین بۆچی فشارمان لێ دەکەن. باسی لەوەشکرد، خۆی نەخۆشی هەیە، کەچی دەبێ تا نەورۆز لەهەولێر بڕوات، ئەمەش کارێکی ناڕەوایە.