سەردێر

پێكهاتەكان لە یاسای دادگای فیدڕاڵی نیگەرانن

خەڵك-ئارام سەردار

پێكهاتەكانی كوردستان نیگەرانن یاسای دادگای فیدڕاڵی و یاساكە ڕەت دەكەنەوە، داوا دەكەن، پێویستە یاساكە دووربێت لە ململانێی نەتەوەیی و مەزهەبی.

د.عەباس عەلی، لەتۆڕی پێكهاتەكانی كوردستان ناوەڕۆكی یاداشتەكەی بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خوێندەوە كە ئاڕاستەی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤیان كرد و ڕایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی بەبنچینەیەكی دەستووری هەژمار دەركرێت، كاتی دانانی هەر یاسایەكیش نابێت لەمەدەنی بوونی دەستوور كەم بكاتەوە، مانەوەی دەستوریش زامنی دەستەبەر و مانەوەی ماف و ئازادیەكانە بۆ سەرجەم چین و توێژەكان بەفرەیی ئایینی و مەزهەبی و كەلتوریەوە.

دەشڵێت، بەپێی گرنگی دادگای فیدراڵی بۆدانانی هەر یاسایەك دەخوازێت ڕەزامەندی هەمووانی لەسەربێت لەدەرەوە و ناوەوەی پەڕلەمانی عێراق، هاوكات وەرگرتنی ڕای پسپۆڕان و ڕێكخراوەكان، بۆیە ئێمە چەند داواكاریەك دەخەینەڕوو.

سەبارەت بەداواكاریەكان وتی، داوا دەكەین دانانی یاسای دادگای فیدڕاڵی لە كەش و هەوایەكی ئارامدا كاری لەسەر بكرێت، نەوەك لەسەردەمی ئێستا كە كۆمەڵێك كێشە باڵی بەسەر وڵاتدا كێشاوە، هەروەها یاساكە نەبێتە هۆكارێكی سیاسی و وابەستەی پڕۆژە یاسای بوودجە بكرێت بۆ ڕێككەوتنی سیاسی یان لەژێر فشاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكاندا بێت.

هاوكات باسی لەوەشكرد، پێویستە یاساكە دووربێت لە ململانێی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینی و بەیەكەوە ژیان و خۆی بەدوور بگرێت لەهەر جۆە ململانێیەك بۆیە چارەسەری یاساكە لە هەمواری ماددەی ٣ لەیاسای دادگای فیدڕاڵی دەبینینەوە، كە دەقەكەی بەم شێوەیە بێت، كاتێ بوونی هەر بۆشاییەك لەپشكی دادگا، دامەزراندن بەپێی ڕاوێژی قازیەكانی دادگای فیدڕالی و ئەنجوومەنی دادوەری و ئەنجوومەنی باڵای داد و ئەنجوومەنی دادی هەرێمی كوردستان بێت بۆ زامن كردنی بەردەوامبوونی دادگای فیدڕاڵی لەبەڕێوەبردنی كارەكانی.