سەردێر

ئەشکەوتی جاسەنە لەچاپخانەوە بۆ پەناگەی گەشتیاران

ئەشکەوتی جاسەنە بۆتە شوێنێک بۆ مانەوەی گەشتیاران

سلێمانی – نزار جەزا

پێشنیوەڕۆبوو، لەناو ئەشکەوتەکەدا ئاگرێکی بچوک کرابوەوە، کە ژمارەیەک گەنج بەدەوریدا لەسەر کورسی دانیشتبوون چایان دەخواردەوە، لەپشتیشیانەوە دوو خێمە هەڵدرابوو، ئەمە دیمەنی ناو ئەشکەوتی جاسەنەبوو.

ئەم ئەشکەوتە لەناوچەى سورداشە لەسەر ڕێگای سلێمانی – دوکان، کە بە دووری ٥٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سلێمانییەوە.

لەگەشتەکەمدا بۆ ئەشکەوتی جاسەنە، کاتێک پێهەڵگەڕام بۆ دەمی ئەشکەوتەکە، ژمارەیەک گەنجم بینی کاتێک سەلامم کرد زانیم چەند هاوڕێیەکی کورد و عەرەبن، لەڕۆژی پێشترەوە بەیەکەوە هاتوون لەئەشکەوتەکەدا ماونەتەوە.

ئەوان هاوڕێی یەکتربوون، بۆ گەشتکردن هاتبوون بۆ سلێمانی و بڕیاریاندابوو هەندێک شوێنی گەشتیاری بگەڕێن، سەرەتا ئەشکەوتی جاسەنەیان هەڵبژاردبوو کە شەو تێیدا بمێننەوە، لەبەرئەوەی لەسەرما دەیانپارێزێت و شوێنەکەش کەشێکی ئارام و خۆشی هەیە.

ئەشکەوتی جاسەنە لەناو زنجیرە چیایەکی سەختدا قوڵبۆتەوە و لەئێستادا بۆتە پەناگەی گەشتیاران، کە شەوانە بۆ خۆپارێزی لەسەرمای زستان تێیدا تا بەرەبەیان بێداردەبن.

داستان هێرش، یەکێکە لەگەنجە کوردەکان، کە میوزیکژەن و گۆرانیبێژە وتی: ژمارەیەک هاوڕێین کە هەندێکیان لەبەغدادەوە هاتوون، یەکێکیشیان لەمالیزیاوە گەڕاوەتەوە، ڕۆژی پێشتر بڕیارماندا کە بچینە دەرەوە و شەو بمێنینەوە، بەڵام بەهۆی ساردی کەشەکە بڕیارماندا بێینە ناو ئەم ئەشکەوتەوە و لێرە بمێنینەوە.

ئەوان کە تەمەنیان لەنێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵدا بوو، گۆشتی مریشک و هێلکە و قارچک و هەندێک خواردەمەنی دیکەیان پێبوو بۆ خواردن.

داستان وتی: پێشتر چەند گەشتی ئاوام ڕێکخستووە، هەندێکجاریش خۆم بەتەنها دەگەڕێم، چونکە حەزم لەتەنهایی هەیە لەزۆر شت دووردەکەومەوە، کەشێکی ئارام بۆ خۆم دروستدەکەم.

لەیەکێک لەگەنجە عەرەبەکانم پرسی کە ئەوان پێیاندەوت حەبیب ئەلبی، ئەشکەوتەکە و شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی بەلاوە چۆنە؟ هەرچەندە زانیاری مێژوویی لەسەر ئەشکەوتەکە نەبوو، بەڵام بەدڵخۆشییەکی زۆرەوە ماچێکی بۆ سلێمانی هەڵدا و وتی زۆر جوانە، شوێنەکانی ئێرە زۆر خۆشن، خواردنی خۆشیشمان خواردووە.

جاسەنە یەکێکە لەئەشکەوتە دێرینەکانی شاری سلێمانی کە لەساڵی ١٩٢٣دا چاپخانەیەکی تێدادامەزرا و یەکەم ڕۆژنامەی بانگی حەق تێدابڵاوکرایەوە.

پاش ماڵئاواییکردن لەو گەنجانە داواملێکردن، کە ئەشکەوتەکە پاکبکەنەوە و بەپیسی بەجێینەهێڵن، ئەوان جەختیان لەئەوەکردەوە، کە بەدڵنیایی بەپاکوخاوێنی جێیدەهێڵن.

دەرەوە و ناوەوەی ئەشکەوتەکەش بەسروشتی خۆی ماوەتەوە، هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی گەشتوگوزاری نابینرێت، تەنانەت هەندێک گەشتیاریش بۆ جێهێشتنی (یادگاری!) بەبۆیە لەسەر دیواری شاخ و ئەشکەوتەکان شت دەنوسن، تەنانەت ئاڵاکانی کوردستانیش کە لەوێ هەڵواسراون دڕاون و کاڵبوونەتەوە.

جاسەنە لەپشتی گوندی کانی خانە بە بناری چیایەکی گەورەوەیە، کە پاش هێرشی فڕۆکەی سوپای ئینگلیز لە ساڵی ١٩٢٣، شێخ مەحموودی حەفید ئەشکەوتەکەی کردە پەناگە و چاپخانەی تێدا دامەزراند و یەکەم ڕۆژنامەی بەناوی بانگی حەق بڵاوکردەوە، کە بەیەکەم ڕۆژنامەی سەردەمی شاخ و زمانحاڵی شۆڕشی کورد دادەنرێت لە مێژووی هاوچەرخی کوردا، کە سەرنووسەرەکەی کەسایەتی ناودار و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس (ئەحمەد خواجە) بووە.

ئەم شوێنە گەشتیارییە مێژووییانە پێویستیان بەخزمەتی زیاترە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە، چونکە بوونەتە شوێنێکی گەشتیاری و ئەگەر خزمەتنەکرێن بەرەو وێرانەبوون دەچن.