سەردێر

بە گڕوتینەوە چاوەڕێی نەورۆز دەكرێت

دەستەی گەشتوگوزار رێوشوێنی تایبەت دەگرێتەبەر

خەڵك
تەنها پێنج رۆژی ماوە بۆ هاتنی نەورۆز، كە دەستپێكی وەرزی گەشت و سەیرانە، سەرباری گەشتیاری نێوخۆیی لەشارەكانی باشور و نێوەڕاستی عێراقیش خەڵك روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە هیچ رێوڕەسمێكی فەڕمی بە بۆنەی نەورۆزەوە ساز نەكات، بەڵام هاووڵاتیان و گەشتیاران دەتوانن یادەكە بكەنەوە.

هاوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە گەشتیاران دەكات بە پێی رێوشوێنی تایبەت بە نەخۆشی كۆرۆنا، لەوبارەیەوە
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند، هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان لەڕۆژانی نەورۆز بە ڕێكاری تەندروستی دەبێت و پێویستە گەشتیار ئەنجامی نێگەتیڤی كۆرۆنای پێبێت، دەشڵێت چاودێری نرخی شوێنە گەشتیارییەكان دەكرێت.

نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بۆ ڕۆژانی نەورۆز هیچ ئامادەكارییەكی فەرمی نییە لەلایەن حكەمەتی هەرێم بە گشتی و گەشتوگوزار بە تایبەتی، بەڵام وەك شوێنە گشتییەكان ئامادەییمان هەیەو لە هاتنی گەشتیار هیچ كێشەیەك نابێت لە پێشوازی كردنیاندا، بەڵام وەك یادكردنەوەو مەراسیم هیچ شتێك ئەنجام نادرێت و وەك ڕۆژانی ئاسایی دەبێت.
وتیشی، پێشتر و ئێستاش داوا لە شوێنە گەشتیارییەكان كراوە پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی بن كە لە وەزارەتی تەندروستی دەرچووەو ڕێنمایی گەشتیارانیش دەكرێت لەلایەن بازگەكان بەوەی دەبێت ماسك ببەستن و تێكەڵاوبوونی زۆر ڕوو نەدات بۆ ئەوەی كەمترین كاریگەری نەرێنی لەسەر هاووڵاتیان و شوێنەگەشتیارییەكانیش دروست ببێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەبڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو گەشتیارانەی دێنە هەرێم پێویستە 72 كاتژمێر پێش هاتنیان پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنایان ئەنجامبدەن و نێگەتیڤ بێت بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی تەندروستی ئەو كەسانەی دێنە هەرێم.

ساڵی رابردوو بەهۆی پەتای كۆرۆناوە هەفتەیەك پێش نەورۆز كەرەنتینە دەستیپێكرد، تا كۆتایی بەهار درێژەی هەبوو، بۆیە ئەمساڵ هاووڵاتیان بە گڕ و تینەوە چاوەڕێی هاتنی نەورۆز دەكەن.

هاوكات هەرێمی كوردستان بە پێچەوانەوەی ساڵانەوە گەشتیاری دەرەوە رووی تێ نەكرد، بەڵام ئەمساڵ وردە وردە جموجۆڵی گەشتیاری دەستیپێكردووەتەوە.

لەبارەی پێشبینی بۆ هاتنی ژمارەی گەشتیاران و رەوشی گەشتیاری لە ئەمساڵدا، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت: هیچ پێشبینیەكمان نییە لەبەر ئەوەی بارودۆخەكە بە ئان و سات لەگۆڕاندایە بەرەو باش یان خراپ بوون بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ئەگەر مەترسیەكان بڕەوێتەوە بێگومان پێشبینی هاتنی رێژەیەكی باشی گەشتیار دەكەین و بە پێچەوانەوە لە ئەگەری تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە هیچ گومانی تێدا نییە كە بەهۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند، وەك پێویست گەشتیار نایەتە هەرێم.

بەرزی نرخی شوێنە گەشتیارییەكان بەردەوام جێگەی نیگەرانی گەشتیارانی نێوخۆیی و دەرەوەیی بووە، بەتایبەت لەكاتی بۆنە و جەژنەكاندا.

سەبارەت بە رێوشوێنەكانی رێگری لە بەرزی نرخ و رێكخستنی نرخەكان نادر رۆستی وتی: وەك پێشتر لەِرووی نرخەوە چاودێری شوێنە گەشتیارییەكان دەكرێت لەلایەن لیژنەكانی ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی گەشتوگوزاری شارەكان، بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدین نرخ نەگاتە ئاستێك بێزاركەربێت بۆ گەشتیار و لەهەمان كات بەشێوەیەك نەبێت كە ئەوەندە دابەزێت ببێتە هۆی زیانگەندن بە بواری گەشتیاری و دەبێت نرخەكان گونجاو و شایستەبن.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر شوێنێك سەرپێچی بكات سەرەتا ئاگادار دەكرێتەوە، و دواتر ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە بە غەرامەكردن بێت یان داخستنی شوێنەكە یان هەردووكیان پێكەوە .

ئەمڕۆ لە سلێمانی لە دوو شوێن ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە – تۆڕی میدیایی خەڵک

No photo description available.

ئاگری نەورۆز لە پەیمانگای تەکنیکی پایتەخت هەڵکرا – پەیمانگەی تەکنیکی پایتەخت

 

 

 

May be an image of 9 people